Accessibility links

گوتەبێژی حکومەتی تورکیا: لەم زووانە کۆتایی بە یەپەگە لە تەل ڕفعەت دەهێنین


گوتەبێژی حکومەتی تورکیا دەڵێت لەم زووانە هێرش دەکەنە سەر ناوچەی تەل ڕفعەتی باشوری ڕۆژهەڵاتی عەفرین کە لە ئێستادا لە ژێر دەسەڵاتی یەکینەکانی پاراستنی گەلن.

بەکر بوزداغ کە هەروەها جێگری سەرۆک وەزیری تورکیایە، ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی تەلەفیزیۆنی خەبەرتورک گوتی "مەسەلەی کۆتایی‌هێنان بە تێرۆرزم لە تەل ڕفعەت نزیکبووەتەوە و بە دوایدا بەرەو مەنبج و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات هەنگاو دەنێین."

پاشان گوتی ئەنکەرە خوازیارە لەگەڵ واشنتن بە ڕێکەوتنێـک لەسەر مەنبج و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات بگات، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ناڕوونیـیەک لە هەڵوێستی ئەمەریکا هەیە کە لە لایەک سەرۆکی ئەمەریکا لێدوانێک دەدات و لە لایەکی دیکە فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا و پەنتاگۆن لێدوانی جیاواز دەدەن. هاوکات هەڵوێستی ڕووسیا ڕاگەیاند و گوتی مۆسکۆ پشـتیوانی خۆی بۆ ئەنکەرە نیشانداوە لە شەڕی دژی تێرۆرزمدا.

بوزداغ باسی لەوەش کرد لە وتووێژدان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق لە بارەی شنگالەوە، گوتی ئەگەر بێت و بەغدا پەکەکە لە شنگال وەدەرنەنێت، ئەوا ئەنکەرە لە توانایدایە بەخۆی ئەو کارە بکات.

XS
SM
MD
LG