دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی تورکیا دەڵێن هەتا ئەمڕۆ چوارشەممە دەسەڵاتداران 150 کەسیان دەسـتگیرکردووە کە لە تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە بارەی ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکەی وڵاتەکەیانەوە لە دژی عەفرین نووسیویانە.
ئاژانسی دەنگوباسی ئانادۆڵو لە زاری کاربەدەسـتانی پـۆلیسەوە بڵاویکردووەتەوە کە گوتویانە لە 31 ناوچەی وڵاتەکە خەڵکیان دەسـتگیرکردووە و 11 کەسیان بەرەو زیندان بردووە هەتا دادگایی دەکرێن و 7 کەسیان ئازادکردووە، بەڵام 132 کەسی دیکە هێشتا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
کاربەدەسـتەکان گوتوشیانە بەبێ وەستان تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتیان خستووەتە ژێر چاودێری و بە گوتەی خۆیان هەر کەسێک پـرۆپاگەندە بۆ گروپە تێرۆرستیـیەکان بکات ئەوا دادگاییدەکرێت.
تورکیا تۆمەتی پـرۆپاگەندە بۆ تێرۆرزم ئاڕاستەی ئەو کەسانە دەکات کە لە ڕێگەی تویتەر و فەیسبوکەوە هێرشی سەر عەفرین شەرمەزاردەکەن.
پارتی دیموکراتی گەلان HDP کە دووەم گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە پەرلەمانی تورکیا، لەم بارەیەوە دەڵێت لە نێو دەسـتگیرکراوەکان کەسانی سیاسی و ڕۆژنامەوان و چالاکوانان هەن.