Accessibility links

ئەردۆغان: چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بەرەو ئەلباب پـێشڕەوی دەکەن


سەرۆکی تورکیا دەڵێت چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا، ئەوانەی وڵاتەکەی پشتیوانیان دەکات بەنیازن ناوچەی زیاتر لە باکوری سوریا کۆنترۆڵ بکەن و بەرەو شارۆچکەی ئەلبابی ژێر دەسـتی داعش پـێشڕەوی بکەن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ دووشەممە لە فڕۆکەخانەی ئستەنبوڵ ئەمەی بۆ ڕۆژنامەوانان ڕاگەیاند بەر لەوەی بەرەو نیویۆرک بەڕێبکەوێت بۆ پـێشـکەشکردنی وتارێـک لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

ئەردۆغان گوتی " لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات هەتا ئێستا ڕووبەرێـکی 900 کیلۆمەتر دووجا لە تێرۆرستان پاکراوەتەوە. ئێستاش بەرەو باشور فراونتر دەبێت. ڕەنگە ببێتە 5 هەزار کیلۆمەتر دووجا وەکو بەشێـک لە ناوچەیەکی پارێزراو."

گوتیشی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بریتین لە عەرەب و تورکمان کە لە ژێر ئاڵای لەشکری ئازادی سوریا شەڕ دەکەن و ئێستا سەنگیـیان خستووەتە سەر گرتنی شارۆچکەی ئەلباب.

پاشان گوتی " جەرابلوس و ئەلڕاعیمان پاککردەوە و ئێستا بەرەو ئەلباب پـێشڕەوی دەکەین تاوەکو هەڕەشەکانی داعش بۆ سەرمان نەهێڵین. "

تورکیا چەندان جار داوای کردووە ناوچەیەک لە باکوری سوریا لە نزیک سنوورەکانی دابمەزرێت و بکرێتە ناوچەیەک کە فڕینی فڕۆکە بەسەریدا قەدەغەبکرێت. دەڵێت ئامانج لەمە کەمکردنەوەی ئاوارەبوونی سوریـیەکانە بەرەو دەرەوەی وڵاتەکەیان، بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا هەتا ئێستا لەگەڵ ئەم خواستەی تورکیا نیـین، دەڵێن کارێـکی لەم جۆرە پـێویستی بە هێزی زەمینی گەورە هەیە لەگەڵ ئەوەی بەردەوام دەبێت فڕۆکە بە ئاسمانیدا بسوڕێتەوە.

XS
SM
MD
LG