Accessibility links

تورکیا دەڵێت بەم زووانە لە سوریا ناکشێتەوە


سەرۆک وەزیری تورکیا دەڵێت هێزەکانی وڵاتەکەی لە ناو سوریا دەمێـنـنەوە هەتا ئەو کاتەی داعش و گروپە چەکدارەکانی دیکە لە ناوچە سنووریـیەکانی وڵاتەکەی پاک دەکاتەوە.

بن‌عەلی یەڵدرم ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئستەنبوڵ گوتی " هەر لە سەرەتاوە بەرگریمان لە یەکپارچەیی خاکی تورکیا کردووە... ئێمە بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی سوریاش دەکەین. ئامانجی ئەم ڕێکخراوە تێرۆرستیـیانە دامەزراندنی دەوڵەتێـکە لە نێو ئەم وڵاتانە... هەرگیز لەوە سەرکەوتوو نابن."

پاشان گوتی " بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکانمان لە سوریا هەتاوەکو بە تەواوی دڵنیا دەبین لەوەی سەروماڵی هاوڵاتیانمان پارێزراو دەبن و هەروەها سنوورەکانیشمان پارێزراو دەبن. بەردەوام دەبین هەتا داعش و تێرۆرسـتانی دیکەی لەوێن ڕیشەکێش دەکرێن."

لە لایەکی دیکە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت ئەمڕۆ هەینیش هێزی زیاتری تورکیا چوونەتە ناو خاکی سوریا و بەپـێی سەرچاوە خۆجێـیەکان، ئیسماعیل مەتین فەرماندەی هێزی دووەمی تورکیا بۆ پاراستنی سنوور سەردانی جەرابلوسی کردووە.

هاوکات ئەحمەد عوسمان فەرماندەی ئەو هێزەی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا کە لە ئێستادا لە شارۆچکەی جەرابلوسە بە ڕۆیتەرزی گوتووە لە قۆناغی داهاتوو بەرەو باشوری ڕۆژئاوا پـێشڕەوی دەکەن بە ئاڕاستەی شارۆچکەی مارع کە نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە جەرابلوسەوە دورە.

پـێدەچێت تورکیا بە نیازبێت ئەو ناوچە دابڕاوە لە ناو خاکی سوریا دابمەزرێنێت کە لە مێژەوە داوای پشـتیوانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ ئەم کارە دەکرد.

XS
SM
MD
LG