Accessibility links

ئۆغڵو: ئەگەر یەپەگە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئیعزاز بدات ئەوا تورکیا بە توندترین شێوە وەڵام دەداتەوە


وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات شاری ئیعزازی ژێر دەسـتی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە لایەن یەکینەکانی پاراستنی گەلەوە کۆنترۆڵ بکرێت.

ئەحمەد داوود ئۆغڵو ڕۆژی دووشەممە لەو کاتەی بە فڕۆکە بەرەو ئۆکرانیا بەڕێکەوتبوو، ئەمەی بۆ ڕۆژنامەوانان ڕاگەیاند و گوتی تۆپـبارانکردنی هێزەکانی یەپەگە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە لایەن تورکیاوە وایکرد کە هێزەکانی یەپەگە نەتوانن هەردوو شارۆچکەی ئیعزاز و تەل ڕفعەت کۆنترۆڵ بکەن.

پاشان گوتی تۆپـبارانەکان هێزەکانی یەپەگەیان ناچارکرد لە ناوچەکانی دەوروبەری ئیعزاز پاشەکشە بکەن. گوتیشی " ئەگەربێت و جارێـکی دیکە نزیک بکەونەوە، ئەوا بە توندترین شێوە وەڵام‌دەدرێنەوە. ئێمە ڕێگە نادەین ئیعزاز بکەوێت."

ئۆغڵو هەروەها هەڕەشەی کردووە وەها لە فڕۆکەخانەی مەننغی لەشکری دەکات کە چیتر نەتوانرێت بەکاربهێنرێت، ئەگەربێت و یەپەگە لێی نەکشێتەوە.

جێی ئاماژەیە لە پاش نیوەڕۆی شەممەوە تۆپـخانەی تورکیا کەوتووەتە تۆپـبارانکردنی هێزەکانی سوریا دیموکرات و جەیش ئەلسواری هاوپەیمانی لە چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی عەفرین. دەڵێت بۆیە تۆپـباران دەکات چونکە لە سوریاوە تەقەی لێکراوە.

XS
SM
MD
LG