Accessibility links

سەرۆک وەزیری تورکیا: دڵنیاین پەیوەندیـیەکانمان لەگەڵ سوریا ئاسایی دەبنەوە


سەرۆک وەزیری تورکیا با ئاشکرا دەڵێت وڵاتەکەی خوازیارە پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ سوریا ئاسایی بکاتەوە، بێ ئەوەی ئاماژە بۆ ئەوە بکات کە پـێویستە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا دەستبەرداری دەسەڵات ببێت.

بن عەلی یەڵدرم ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئەنکەرە لە لێدوانێـکیدا بۆ بەرپـرسانی پارتەکەی کە لە ڕێگەی تەلەفیزیۆنەوە بڵاوکرایەوە ڕایگەیاند وڵاتەکەیان پـێی ناوەتە قۆناغێـکی نوێوە لە پەرەپـێدانی پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا، ئەمەش تاوەکو دوژمنانی کەمبکاتەوە و دۆستانی زیادبکات. گوتیشی " ئەوە گرنگترین ئامانجیانە کە ناکرێت لێی پاشگەزببینەوە، ئەویش پەرەپـێدان بە پەیوەندی باشە لەگەڵ سوریا و عێراق و هەموو دراوسێـکانیان لەسەر هەردوو دەریای ناوەڕاست و ڕەش."

پاشان گوتی " خوازیارن پەیوەندی دۆستانەیان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات فراوانتربکەن، وە لە ئێسـتادا بۆ دەرەوە دەسـتیان‌پـێکردووە و پەیوەندیـیەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و ڕووسیا ئاسایی کردووەتەوە و دڵنیان لەوەی لەگەڵ سوریاش ئاسایی دەبێتەوە."

جەختی لەوەش کرد کە بەبێ هیچ چەندوچۆنێـک دەبێت سەقامگیری بۆ سوریا و عێراق بگەڕێتەوە و تیایاندا حوکمڕانیـیەکی سیاسی بەهێز هەبن.

باسی لەوەش کرد وڵاتەکەی سوورە لەسەر شەڕی دژە تێرۆر و گوتی " ئێمە بەردەوامین لە شەڕی دژە تێرۆر تاوەکو نەهێڵن هیچ هێرشێـکی تێرۆرستی ڕووبدات و هەروەها میلـلەتەکەیان لە هێزە بەدکارەکان بپـارێزن."

لەوەتای عەلی بن یەڵدرم لە مانگی پـێنجەوە پـۆستی سەرۆک وەزیری گرتووەتەدەست، چەندان جار جەختی لەوە کردووەتەوە وڵاتەکەیان پـێویستی بە کەمکردنەوە نەیارانیەتی و زیادکردنی دۆسـتانی، ئەمەش پـێدەچێت جۆرە دانپـیادانانێـک بێت لەوەی سیاسەتەکانی پـێشووی وڵاتەکەی هۆکارێـک بوون بۆ پەراوێزکردنی تورکیا لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا.

XS
SM
MD
LG