Accessibility links

سەرۆکی تورکیا: دەبێت عەفرین لە یەپەگە و پەیەدە پاکبکەینەوە

  • VOA News

سەرۆکی تورکیا دەڵێت دەبێت وڵاتەکەی پارێزگای عەفرینی باکوری ڕۆژئاوای سوریا کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردیـیەکاندایە، لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) پاکبکاتەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ هەینی لە وتارێکیدا بۆ ئەندامانی پارتەکەی (ئاکەپە) لە ئەنکەرە ئەمەی ڕاگەیاند و ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرت لە بەرامبەر ئەو پشتیوانیانەی لە هێزەکانی یەپەگەی دەکات.

گوتی ئەمەریکا زۆربەی بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە. ئاماژەی بۆ مەنبج و ڕەققە و دێرزور کرد کە ئەمەریکایـیەکان پـێشتر بەڵێنیان دابوو، تەنیا هێزەکانی خۆجێی لەو ناوچانە بمێنـنەوە، بەڵام هەتا ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردیـیەکاندا ماونەتەوە.

پاشان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەمەریکا بە دامەزرێنەری داعش تۆمەتبارکرد و گوتی ئەوەی داعشی دامەزراند پەیەدەشی پـێکهێناوە و باکوری عێراقی بۆ جودابوونەوە هانداوە، وە فەتحوڵڵا گولەنی داڵدەداوە.

گومانیشی خستە سەر بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا و گوتی 14 بنکەیان لەو وڵاتە هەیە، ئەمەش جێی پـرسیارە بۆ تورکیا.

کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن مانەوەی هێزەکانی لە سوریا بەندە بە گەیشتنی خەڵکی ئەو وڵاتە بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ وڵاتەکەیان، ئەمەش تاوەکو ڕێگەبگرن لە گەڕاندنەوەی داعش بۆ ناوچە ڕزگارکراوەکان.

XS
SM
MD
LG