Accessibility links

تورکیا و سوریا ناڕەزایی دەردەبڕن بەرامبەر ڕێکەوتنی بەڕێوبەری خۆسەری لە سوریا و کۆمپانیایەکی نەوت


دوابەدوای ڕێککەوتنی کۆمپانیایەکی ئەمریکایی بۆ پیشەسازی نەوت لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی خۆسەری کورد لە سوریادا، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی تورکیا ڕاگەیاندنێک دژی ئەو ڕێککەوتنە بڵاودەکاتەوە.

پێشتر ئاژانسی دەنگ و باسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، سیناتۆر لیندزی گراهام لە دانیشتنێکی کۆنگرێسدا بە ئامادەبوونی مایک پەمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مەزڵوم کۆبانی، سەرکردەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، زانیارییەکانی ئەو ڕێککەوتنامەیەی بۆ باسکردووە کە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکاییەکەدا مۆرکراوە بۆ نۆژەن کردنەوەی کێڵگە نەوتییەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

سیناتۆر گراهام پرسیاریشی لە پەمپـێیۆ کردووە سەبارەت بەوەی ئایا بەڕێوبەرایەتی ئەمریکا پشتیوانە بۆ ئەو ڕێککەوتنە یان نا؟ لە وەڵامدا پەمپێیۆ وتوویەتی "بەڵێ، ئەم ڕێککەوتنە بڕێک زیاتر درێژەی کێشا لەوەی کە چاوەڕێمان دەکرد، بەڵام ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردنیداین."

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی دووشەممەیدا نووسیویە " لە ڕاپۆرتەکانی میدیاکاندا هاتووە، هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی پەکەکە و یەپەگە ڕێبەرایەتی دەکەن، ڕێککەوتنێکی مۆر کردووە لەگەڵ کۆمپانیای دێڵتا کریسێنت ئینێرجی، بۆ دەرهێنان و بازرگانیکردن بە نەوتەوە لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا.بەم هەنگاوە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی پەکەکە و یەپەگە، بە ئاشکرایی خواست و ئامانجی خۆیان بۆ بەرەوپێشبردنی کارنامەی جوداییخوازی خۆیان خستۆتە ڕوو لە ڕووی دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە سروشتییەکانی گەلی سوریا."

لەو ڕاگەیاندنەدا وەزارەتی کاروباری دەرەوەی تورکیادا هاتووە کە ئانکەرە نیگەرانییەکی قوڵی هەیە بەهۆی پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئەو هەنگاوە، هەروەها ئەو ڕێککەوتنەش بە "فەرامۆشکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان" ناودێر دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی سوریاش ڕۆژی یەکشەممە ناڕەزاییەکی توند ئامێزی لەسەر ئەو ڕێککەوتنە دەربڕی و بە تاڵانبردنی سەرچاوە سروشتییەکانی سوریا ئاماژەی پێکردووە.

دیمەشق و ئانکەرە هاوڕان لە دژی ئەو ڕێککەوتنە، کە کاربەدەستانی کورد لە سوریا دەڵێن ئەو ڕێککەوتنە بۆ بەرژەوەندی هەموو لایەکە.

مۆرکردنی ئەم ڕێککەوتنە لە نێوان بەڕێوبەرایەتی خۆسەری و کۆمپانیا ئەمریکاییەکەدا، هاوکاتە لەگەڵ جێبەجێکردنەکانی یاسای قەیسەر بۆ سەپاندنی سزا بەسەر زۆرێک لە دامەزراوەکان و کاربەدەستانی سوریاییدا.

XS
SM
MD
LG