Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت ئەگەر هێزە کوردیـیەکان لە ناوچەکە نەکشێنەوە ئۆپەراسیۆنەکە دەستپێدەکاتەوە


سەرۆکی تورکیا دەڵێت ئەگەر هێزە کوردیـیەکان لەو ناوچەیە نەکشێنەوە کە بەپـێی ئەو ڕێکەوتنەی لە نێوان ئەنکەرە و واشنتن کراوە بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکەی تورکیا، ئەوا هێرشەکەیان دەستپـێدەکەنەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەر لەوەی بەرەو ڕووسیا بڕوات گوتی" ئەمڕۆ دوا ڕۆژە بۆ ئەوەی هەموو تێرۆرستان لە ناوچەکە نەمێنن. وادەکە لە کاتژمێر 10 ی شەو کۆتایی دێت. یەکە لەشکریـیەکانمان لە نزیکەوە چاودێری پـرۆسەکە دەکەن. ئەگەر ئەمەریکا پابەندی ئەو بەڵێنەی نەبێت کە بە وڵاتەکەمانی داوە، ئەوا هەڵمەتەکەمان دەستپـێدەکاتەوە لەو شوێنەی ڕاگیرا و بە شێوەیەکی توندتر."

گوتیشی 700 هەتا 800 شەڕڤانی کورد کشاونەتەوە و دەگوترێت 1200 هەتا 1300 وا لە کشانەوەدان.

تورکیا لە 9 ی مانگی دەوە ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکەی بۆ سەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپـێکردووە، دەڵێت ئامانجی دورخستنەوەی هێزەکانی یەپەگەیە کە بە بەشێک لە پارتی کرێکارانی کوردستان ناودێریان دەکات. پاشان پـێکهێنانی ناوچەیەک لە ناو خاکی سوریا بە قوڵایی 32 کیلۆمەتر و درێژایی زیاتر لە 400 کیلۆمەتر تاوەکو بەشێک لە ئاوارە سوریـیەکان بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.

XS
SM
MD
LG