Accessibility links

بەڕێوەبەرایەتی کوردی سوریا: هەنگاوی یەکەم نراوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ تورکیا


بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری کوردی سوریا دەڵێت دەستیانکردووە بە کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی یەپەگە لە چەند ناوچەیەکی نزیک سنوورەکانی تورکیا، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو ڕێکەوتنەی لە 7 ی مانگی هەشت پـێیگەیشتوون.

زێدان ئەلعاسی هاوسەرۆکی ئۆفیسی بەرگری لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی باکوری سوریا ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی هەرسێ لایەنی کوردی و تورکی و ئەمەریکایی سەبارەت بە ئاسایشی سنوورەکان لەگەڵ تورکیا و لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ئەو لێکتێگەیشتنە، هەنگاوی پراکتیکی یەکەم نراوە لە 24 ی ئەم مانگی هەشتە لە ناوچەی سەری کانی، ئەویش بە لابردنی سەنگەرەکان و کشانەوەی کۆمەڵێک لە هێزەکانی یەپەکە لەگەڵ چەکی قورس بۆ شوێنی نوێ و ڕادەستکردنی خاڵە سنووریـیەکان بە هێزە خۆجێـیەکان. هەورەها لە 26 ی مانگیش هەمان هەنگاو نراوە لە ناوچەی گردە سپی.

پاشان گوتی ئەوان بەم هەنگاوانە نیشانی دەدەن پابەندی ڕێکەوتنەکانن و دەیانەوێت لە ڕێگەی دیالۆگ کێشەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ چارەسەر بکەن.

جێی ئاماژەیە پـێشتر مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند قوڵایی ئەو ناوچە ئارامەی لەسەر سنووری تورکیا پـێکدەهێنرێت 5 کیلۆمەتر دەبێت، بەڵام لە هەندێک ناوچە دەگاتە 9 بۆ 14 کیلۆمەتر.

ئاژانسی هاوار نیوز لەسەر یوتیوب ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا گڵی بەردەمی سەنگەرەکان لادەدرێن و دەڵێت یەپەگە بڕیارەکانی پاراستنی سنوور جێبەجێ دەکات.

XS
SM
MD
LG