Accessibility links

سەرۆکی تورکیا هەڕەشەی لەناوبردنی هێزە کوردیـیەکانی سوریا دەکات


سەرۆکی تورکیا دەڵێت ئەنجامی وتووێژەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت بە پـێکهێنانی ناوچەی ئارام لە باکوری سوریا هەرچیـیەک بێت، ئەوان هەر سوورن لەسەر لەناوبردنی هێزە کوردیـیەکانی سوریا لە نزیک سنوورەکانی وڵاتەکەیان.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ هەینی لە میانەی وتارێکیدا بۆ بەرپـرسانی پارتەکەی لە ئەنکەرە گوتیشی هێزە کوردیـیەکان بە پشت بەستن بە هێزی بیانی خراپکاری لە ناوچەکە دەکەن، بۆیە یان لە ژێر خۆڵ دەنێژرێن یانیش چۆک دادەدەن."

گوتیشی ئامانجیان لە ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکان ئەوەیە هێڵێکی ئاسایشی پـێکبهێنن تاوەکو بتوانن لە ناوچەیەکی تەختی دەرەوەی سنووری وڵاتەکەیان ڕووبەڕووی هێزە کوردیـیەکان ببنەوە لە بری ئەوەی لە چیا سەختەکاندا.

ئەردۆغان گوتی کاتێک لەم هەوڵە سەرکەوتوو دەبن، ئەوا کێشەیەک بە ناوی قەندیل نامێنێت. هەروەها گوتی هیچ سزایەک ناتوانێت تورکیا لەم هەوڵەی پاشگەزبکاتەوە.

جێی ئاماژەیە دوێنێ پـێنجشەممە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز گوتی خەڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا لەگەڵ فەرماندە لەشکریـیەکانی وڵاتەکەی کۆبووەتەوە بۆ تاووتوێکردنی ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی لەشکری لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات لە ناو خاکی سوریا.

لە لایەکی دیکە وەزارەتی دەرەوەی سوریا ناڕەزایی دەربڕی لە بەرامبەر ئەو وتووێژانەی لە نێوان ئەمەریکا و تورکیا دەکرێن بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێکەوتن لەسەر پـێکهێنانی ناوچەیەکی ئارام لەسەر سنوورەکانی باکوری سوریا.

XS
SM
MD
LG