وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت ئەگەر ناوچەی ئارام لە باکوری سوریا دانەمەزرێت و هەڕەشەکانی دژی ئەنکەرە بەردەوامبن، ئەوا ئۆپەراسیۆنێکی لەشکری لە ڕۆژهەڵاتی فورات ئەنجام دەدەن.
مەولود چاوشئۆغڵو ئەمڕۆ دووشەممە لە میانەی چاوپـێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی لەگەڵ کەناڵی TGRT Haber ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی هیوادارە لەم بارەیەوە بە ڕێکەوتنێک بگەن لەگەڵ جێمس جێفری نێردراوی تایبەتی ئەمەریکا بۆ مەسەلەکانی سوریا کە لە ئێستادا بە مەبەستی وتووێژکردن لە ئەنکەرەیە.
چاوشئۆغڵو ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرت و گوتی زیاتر لە ساڵێکە لەگەڵ ئەمەریکایـیەکاندا بە ڕێکەوتنێک گەیشتووین لە بارەی پـێکهێنانی ناوچەی ئارام لە باکوری سوریا، بەڵام هێشتا ئەو ڕێکەوتنەیان جێبەجێ نەکردووە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئەمەریکایـیەکان بە کۆمەڵێک پـێشنیاری نوێـیەوە هاتوون و لە میانەی وتووێژەکاندا لەگەڵ جێمس جێفری تاووتوێ دەکرێن.
تورکیا دەیەوێت هێزە کوردیـیەکان لە نزیک ناوچە سنووریـیەکانی باشوری وڵاتەکەی نەمێنن، ئەمەریکاش دەیەوێت مسۆگەری بکات زیان بە هاوپەیمانە کوردەکانی نەگات کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە شەڕی دژی داعشدا هەبوو.