Accessibility links

سەرۆکی تورکیا جارێکی دیکە ڕەخنە لە ئەمەریکا دەگرێت و هەڕەشە لە هێزە کوردیـیەکانی سوریا دەکات


سەرۆکی تورکیا جارێکی دیکە ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرتەوە و گوتی ئەو وڵاتە چەک و تەقەمەنیەکی زۆری بە خۆڕایی بە هێزە کوردیـیەکانی سوریای داوە بەڵام بە پارەش بە تورکیای نادات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ دووشەممە لە وتارێکیدا لە پارێزگای بوردور لە باشوری ڕۆژئاوای وڵاتەکەی ڕووی دەمی کردە ئەمەریکایـیەکان و گوتی"23 هەزار ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر چەک بە خۆڕایی بۆ تێرۆرستان ڕەوانەدەکەن، بەڵام بە پارەش بە تورکیای نادەن، ئایە ئەم ڕەفتارە شیاوە ئەنجام بدرێت لە لایەن هاوپەیمانێکی ناتۆوە؟"

سەبارەت بە سیستەمی بەرگری موشەکی S-400 ی ڕووسی، ئەوەی تورکیا بە نیازە لە ڕووسیای بکڕێت و ئەمەریکا لەگەڵیدا نیـیە، ئەردۆغان گوتی"داوامان لێدەکەن گرێبەستی گڕینی سیستەمی S-400 ی ڕووسی هەڵبوەشێنینەوە، بۆچی لەبەر چی؟"

دووپاتیشی کردەوە وڵاتەکەی سوورە لەسەر جێبەجێکردنی پـلانەکەی بۆ هێرشکردنە سەر هێزە کوردیـیەکانی سوریا و گوتی ئەگەر لە ئێستادا ئەو هێرشە نەکەن، ئەوا لە ئایندەدا هەر دەیکەن. جەختیکردەوە وڵاتەکەی ئاگاهی کەس لەم بارەیەوە بە هێند وەرناگرێت و ئیدی باجەکەی هەرچیەک بێت.

جارێکی دیکە ڕەخنەی لە ئەمەریکایـیەکان گرتەوە و گوتی لە دوری هەزاران کیلۆمەترەوە دێن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی لەشکری لە سوریا، بەڵام تورکیا 911 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ سوریا هەیە داوای لێدەکەن ئۆپەراسیۆنی لەشکری لە سوریا ئەنجام نەدات.

جێی ئاماژەیە مانگی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا ئاگاهی بە ئەنکەرە دا کە ئەگەربێت و هێرش بکاتە سەر کوردەکانی سوریا، ئەوا ئابوری تورکیا وێراندەکرێت.

XS
SM
MD
LG