Accessibility links

سەرۆکی تورکیا: درێژە بە ئۆپەراسیۆنەکەمان لە باکوری سوریا دەدەین


سەرۆکی تورکیا دەڵێت هێرشە لەشکریـیەکەی وڵاتەکەی بۆ سەر هێزە کوردیـیەکانی سوریا بەردەوام دەبێت و فراونتردەکرێت هەتا دەگاتە سنوورەکانی عێراق.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ هەینی لە وتارێکیدا بۆ ژمارەیەک لە ئەندامانی پارتەکەی (ئاکەپە) لە ئەنکەرە گوتیشی درێژە بە ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکەیان دەدەن هەتا بە ئامانجەکانی خۆیان دەگەن.

باسی لەوەش کرد هێزە کوردیـیەکان لە شاری مەنبج وەدردەنێن، دەڵێت خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو شارە برا عەرەبەکانیانن.

سەرۆکی تورکیا ڕەخنەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا گرت کە داوای زوو کۆتایی‌هێنان بە هێرشەکە دەکەن، گوتی"هەندێک زۆرمان لێدەکەن ئۆپەراسیۆنەکە ماوەکەی کورتبێت. چاوەڕێ بن هێشتا تەنیا 7 ڕۆژ تێپەڕیوە. شەڕی ئەفغانستان چەند درێژەی کێشا؟ و شەڕی عێراقیش چەند؟"

هەروەها ڕەخنەی توندی بە تایبەت لە ئەمەریکا گرت و گوتی زۆر نیگەرانن لەوەی هێزە کوردیـیەکان بە ئاڵای ئەمەریکاوە لەو ناوچانە هاتوچۆ دەکەن و پـرسیاری کرد و گوتی "چۆن هاوپەیمانێـکی ستراتیژی کارێکی لەو شێوەیە بەرامبەر هاوپەیمانە ستراتیژیـیەکەی دەکات؟"

پاشان گوتی" کاتێک 5 هەزار ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری پـڕ لە چەک ڕەوانەی باکوری سوریا دەکرێن، میلـلەتەکەم پـرسیار دەکەن ئەم چەکانە لە دژی کێ بەکاردەهێنرێن؟"

تورکیا لە هەفتەی ڕابردووەوە ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ سەر عەفرین دەسـتپـێکردووە بە ناوی "چڵە زەیتون" ، دەڵێت ئەم کارەی بۆ بەرگریکردنە لە وڵاتەکەیان و بەپـێی ماددەی 51 ی پەیمانـنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان مافێکی ڕەوای خۆیانە.

XS
SM
MD
LG