Accessibility links

بەڕێوبەرایەتی خۆسەری کوردی سوریا "نەفیری عام" ڕادەگەیەنێت


بەڕێوبەرایەتی خۆسەری کوردی سوریا داوا لە خەڵکی ناوچەکانیان دەکات چەک هەڵگرن بۆ بەرگریکردن لە عەفرین، ئەمەش لەم کاتەی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر عەفرین پـێی ناوەتە چوارەم ڕۆژیـیەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس ئەمڕۆ سێشەممە لە زاری ڕێزان حەدو گوتەبێژی بەڕێوەبەرایتەتیـیەکە بڵاویکردەوە کە گوتویەتی " نەفیری عام ڕادەگەیەنین و داوا لە هەموو ڕۆڵەکانی گەلەکەمان دەکەین بەرگری لە عەفرین و شکۆمەندی بکەن."

لە لایەکی دیکە کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ئەمڕۆ سێشەممەش شەڕی قورس بەردەوامبوون لە قۆڵەکانی ڕاجۆ و حەمام و بالیا و قرنە و جەندەریس و بەرزایـیەکانی برسایا و قستەڵ جندو و هاوکات تۆپـباران و موشەکبارانی ناوچەکانی عەفرین لە لایەن لەشکری تورکیاوە بەردەوامە.

دەشڵێت ژمارەی کوژراوانی گروپە سوریـیەکانی سەر بە تورکیا بە لایەنی کەم گەیشتووەتە 25 چەکدار و سەربازێکی تورکیش کوژراو. باس لەوەش دەکات هێشتا 7 تەرم لە شوێنی شەڕەکاندا کەوتوون و ناسنامەیان نەزانراوە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لە بەرامبەردا بە لایەنی کەم 26 شەڕڤان و 24 کەسی سیڤیل گیانیان لەدەستداوە.

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە عەفرین هەواڵی تۆپـبارانکردنەکانی تورکیای پشـتڕاستکردەوە و دەڵێت 13 گوند تۆپـبارانکراون.

XS
SM
MD
LG