Accessibility links

ئێزیدی و کرستیانەکانی عەفرین مەترسیان هەیە لە گروپە ئیسلامیـیەکانی بەشدار لە هێرشەکەی تورکیا


کرستیان و ئێزیدیـیەکانی لە ناوچە کوردیـیەکانی سوریا دەژین، دەڵێن مەترسیـیان هەیە لەوەی ڕووبەڕووی ستەم و زۆرداری ببنەوە کاتێک هێزەکانی تورکیا و هاوپەیمانیان پـێشڕەوی دەکەن. دەڵێن چەکدارانی ئیسلامیـیان لە نێودایە.

کومەڵەیەکی ئێزیدی لە ئەڵمانیا ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند دانیشتوانی عەفرین لە ژێر هەڕەشەی گروپە جیهادیـیەکانن، ئەوانەی بەشداری لە هێرشەکەی تورکیا دەکەن.

عیرفان ئۆرتاج، سەرۆکی کۆمیتەی ناوەندی ئێزدیـیەکان لە ئەڵمانیا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوت ئەو گوندانەی ئێزدیـیەکان لێی دەژین کەوتوونەتە بەر هێرشی ئاسمانی و گوندی دیکەش لە بەردەم هەڕەشەی هێرشی لەشکرین. گوتیشی بەلانی کەم یەک ئێزیدی کوژراوە و زۆرێکیش بەهۆی شەڕەکانەوە ئاوارە و دەربەدەربوون.

ئۆرتاج مەزەندەدەکات لە نێو نزیکەی 800 هەزار کەسی دانیشتووی عەفرین، 15 هەزار کەسیان ئێزیدی بن. گوتیشی خەڵکی لەو جیهادیانە دەترسن کە بەشداری لە هێرشەکەدا دەکەن و جێی هەڕەشەن بۆ سەر کەمایەتیـیە ئاینیـیەکانی ناوچەکە. جێی ئاماژەیە زۆربەی ئێزیدیـیەکانی سوریا لە ناوچە کوردیـیەکانی ئەو وڵاتە دەژین.

هاوکات هەر ئەمڕۆ سێ کڵێسا لە عەفرین داوای پارێزگاری نێودەوڵەتیـیان کرد تاوەکو هێرشەکەی تورکیا ڕابگیرێت. لە بەیانـنامەیەکدا گوتویانە نزیکەی 250 خێزانی کرستیان لە عەفرین دەڵێن لە گروپە چەکدارە ئیسلامیـیەکان دەترسن.

چالاکوانان دەڵێن تورکیا نزیکەی 10 هەزار چەکداری سوری ئامادەکردووە بۆ بەشداریکردن لە هێرشەکەدا. بەشی زۆری ئەو چەکدارانەش لە گروپە ئیسلامیـیەکانن.

XS
SM
MD
LG