وەزیری دەرەوەی تورکیا جارێکی دیکە ناڕەزایی وڵاتەکەی دەربڕی لە بەرامبەر شیانی بەشداریکردنی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەو کۆنگرەیەی ڕووسیا بە نیازە بۆ سوریـیەکانی سازبکات.
مەولود چاوشئۆغڵو ئەمڕۆ سێشەممە لە بەرنامەیەکدا لە کەناڵی NTV ی تورکی گوتی لە دژی ئەوەن پەیەدە و یەپەگە بەشداری کۆنگرەی دیالۆگی سوری بکەن، ئەوەی ڕووسیا بە نیازە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو سازیبکات. گوتیشی ئێرانیش لە دژی بەشداریکردنی یەپەگەیە.
گوتیشی پەیەدە و یەپەگە تاکە نوێنەری کورد نیـن، بەڵکو نوێنەرایەتی بەشێکی زۆر کەمی کورد دەکەن. باسی لەوەش کرد لایەنی سیاسی زۆر هەن تاوەکو نوێنەرایەتی کورد بکەن، لەوانە ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا (ئەنکەسە).
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد 300 هەزار کورد لە سوریاوە بۆ تورکیا هەڵهاتوون.
چاوشئۆغڵو لە بارەی عەفرینیشەوە قسەی کرد و گوتی لەوێوە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا هەیە و هەر کاتێک بە نیازی ئۆپەراسیۆن بن بەرەو عەفرین ئەوا ڕایدەگەیەنن.