Accessibility links

سەرۆکی تورکیا دەڵێت ئۆپەراسیۆنی دژی هێزە کوردیـیەکانی سوریا شیانی هەیە لە هەر کاتێکدا دەسـتپـێبکات


سەرۆکی تورکیا جارێکی دیکە هەڕەشەی لە هێزە کوردیـیەکانی سوریا کردەوە و گوتی شیانی هەیە ئەنکەرە لە هەر کاتێکدا ئۆپەراسیۆنێکی لەشکری لە دژیان ئەنجام بدات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ دووشەممە لە وتارێکیدا لە ئەنکەرە گوتی " ئەمەریکا بڕیاری داوە لەشکرێک بۆ تێرۆرستان لەسەر سنوورەکەمان پـێکبهێنێت، بەڵام لەسەر شانی ئێمەیە هەر لە سەرەتاوە لە چاڵی بنێین."

گوتیشی " ئێمە هەمیشە بە هاوپەیمانەکانمان دەڵێن مەیەنە نێوان ئێمە و ئەو تێرۆرستە پـیاوکوژانە، ئەگەر نا ئەوا ئێمە بەرپـرسیار نابین لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو ئەگەر ڕووبدات. ئاڵاکانتان لە بنکەکانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆرستیە دابگرن، هەتا ناچار نەبین خۆمان بیدەینەوە دەستتان."

پاشان گوتی شیانی هەیە لە هەر ساتێـکدا ئۆپەراسیۆنی دژی پەیەدە و یەپەگە لە عەفرین دەسـتپـێبکات و بە دوایدا نۆرەی ناوچەکانی دیکە دێت. جەختی لەوەش کردەوە ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبن هەتا ئەو کاتەی دوا کەسی ئەو هێزە کوردیـیانە مابێت.

هاوکات بن عەلی یڵدرم سەرۆک وەزیری تورکیا ئەویش لە وتارێکیدا لە ئەنکەرە گوتی ئەمەریکا بەم بڕیارەی بۆ پـێکهێنانی هێزێکی لەشکری بۆ ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان دوژمنایەتی تورکیا دەکات. داواشیکرد ئەمەریکا لەو بڕیارەی پاشگەزببێتەوە.

گوتیشی هەتا دوا دڵۆپەی خوێنیان بەرگری لە وڵاتەکەیان دەکەن، وە ڕێگە نادەن هیچ هێزێک پـێکبهێنرێت کە ئامانجی زیان گەیاندن بە سەربەخۆیی تورکیابێت.

جێی ئاماژەیە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بڕیاری داوە هێزێکی ئاسایشی بۆ سەر سنوورەکانی باکوری سوریا پـێکبهێنێت کە ژمارەکەیان 30 هەزار چەکداربن، ئەمەش تورکیای زۆر نیگەران کردووە بەو پـێـیەی یەپەگە و پەیەدە بە بەشێک لە پارتی کرێکارانی کوردستان دادەنێت. ئەمەریکا خوازیارە ئەو هێزە لەسەر سنوورەکانی باکوری سوریا بڵاوببنەوە تاوەکو ڕێگری لە تێرۆرستان بکەن لەوەی بۆ سوریا بگەڕێنەوە.

XS
SM
MD
LG