Accessibility links

ئەردۆغان: لەگەڵ ئۆپـۆزسیۆنی سوریا هێرشی سەر عەفرین ئەنجام دەدەین


سەرۆکی تورکیا دەڵێت لەگەڵ هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریای سەر بە وڵاتەکەی بەشداری لە هێرشی سەر عەفرین دەکەن وە لەوێ و مەنبجەوە دەستپـێدەکەن هەتا هەموو ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردیـیەکان کۆنترۆڵ دەکەن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ سێشەممە لە میانەی وتارەکەی بۆ پەرلەمانتارانی سەر بە پارتەکەی (ئاکەپە) گوتیشی ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئەنجامی دەدەن بۆ بەرژەوەندی سوریـیەکانە و ئەنکەرە یارمەتی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دەدات لە پـێناو پاراستنی خاکەکەیان.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد حکومەتی سوریاش لە دژی پـرۆژەکەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکایە بۆ پـێکهێنانی لەشکرێک لە باکوری سوریا و گوتی ئەوانیش بە هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆیانی دەبینن.

پاشان جارێکی دیکە ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرتەوە لە بەرامبەر پشـتیوانیکردن لە هێزە کوردیـیەکانی سوریا و گوتی" ئەوانەی وەها خۆیان نیشان دەدەن هاوپەیمانی ئێمەن و لە هەمان کاتدا لە پشتەوە لێمان دەدەن، ناتوانن ڕێگری لە هەوڵەکانمان بکەن بۆ نەهێشتنی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان."

دواتر لە لایەن ژمارەیەک ڕۆژنامەوانەوە ژمارەیەک پـرسیاری لێکرا، لەوانە ئایا لەم بارەیەوە پەیوەندی بە سەرۆکی ئەمەریکا کردووە، ئەویش لە وەڵامدا گوتی" لە ئێستادا بیر لەوە ناکەمەوە پەیوەندی پـێوە بکەم، چونکە پـێشتر سەبارەت بەم بابەتانە وتووێژمان کردووە، بەڵکو دەبوایە ئەو پەیوەندی پـێوە بکردمایە، بۆیە هەتا ئەو پەیوەندی نەکات منیش نایکەم."

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پەیوەندی بە ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا کردووە و پەیوەندیـیە دیپـلۆماسیـیەکانی نێوان ئەنکەرە و مۆسکۆ بەردەوامن.

هاوکاتی ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان و کاربەدەستانی دیکەی تورکیا، ئەنکەرە هێزی لەشکری زیاتری ڕەوانەی سنوورەکانی ناوچەی عەفرین دەکات. لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دەیان تانک و زرێپـۆشی لەشکری تورکیا لە نزیک سنوورەکانی عەفرین جێگیرکراون.

XS
SM
MD
LG