Accessibility links

تورکیا دەڵێت چەند شوێنێـکی داعشی لە باکوری سوریا تۆپـباران کردووە


کاربەدەسـتانی تورکیا دەڵێن تۆپـخانەی وڵاتەکەیان ئەمڕۆ سێشەممە چەند شوێنێـکی داعشیان لە باکوری سوریا تۆپـباران کرد، پاش چەند کاژمێرێـک لەوەی لە سوریاوە ڕۆکێت گیرایە شارۆچکەیەکیان لە نزیک سنوور و بوونە مایەی برینداربوونی 8 کەس.

ئەحمەد داوود ئۆغڵو سەرۆک وەزیری تورکیا گوتی بەپـێی یاساکانی جەنگ دەسـتبەجێ وەڵامیان داوەتەوە. جەختی لەوەش کرد کە هەموو ڕێوشوێنێـکی پـێویست دەگرنەبەر بۆ پاراستنی وڵاتەکەیان.

بەیانی ئەمڕۆ 2 ڕۆکێت بەر شارۆچکەی کیلیسی تورکیا کەوتن، ئەمەش سێـیەم جارە لە ماوەی پـێنج ڕۆژدا ڕۆکێت بەر ئەو شارۆچکەیە بکەوێت. یەک لە ڕۆکێتەکان بەر میوانخانەیەک کەوت و ئەوی دیکەیان کەوتە چۆڵەوانیـیەک لە نزیک وێزگەیەکی پاسدا.

ئاژانسی دەنگ‌وباسیی ئانادۆلۆ دەوڵەتی تورکیا ڕایگەیاند فەرمانڕەوای کیلیس گوتویەتی 8 کەس بەهۆی ڕۆکێتەکانەوە برینداربوون و دووانیان برینەکانیان قورسن.

هەروەها ئاژانسەکە ڕایگەیاند تۆپـخانەکانی تورکیا شوێنەکانی داعشیان لە نزیک شارۆچکەی ئیعزازی سوریا تۆپـباران کردووە.

دەسەڵاتداران سەنتەرێـکی لاوانیان لە نزیک کەوتنی یەکێـک لە ڕۆکێتەکان چۆڵکرد کە لە ئێسـتادا بە شێوەیەکی کاتی کراوە بە قوتابخانە بۆ منداڵی ئاوارە سوریـیەکان.

XS
SM
MD
LG