Accessibility links

تورکیا داوا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دەکات پشـتیوانی بکات لە شەڕی ئەلباب


تورکیا داوای لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا کردووە پشـتیوانی ئاسمانی پـێشکەشی ئەو هێزانەی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بکات کە ئەنکەر پاڵپشـتیـیان دەکات و لە ئێستادا گەمارۆی شاری ئەلبابی ژێر دەسـتی داعشیان داوە.

ئیبراهیم کالین گوتەبێژی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی " دەبێت هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ئەرکەکانی خۆی هەستێت سەبارەت بەو شەڕەی لە ئەلباب ئەنجامی دەدەین. پـێشکەش نەکردنی پشـتیوانی پـێویست، جێی قبوڵ نیـیە."

جێی ئاماژەیە ئەو هێزانەی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا، ئەوانەی تورکیا پشـتیوانیان دەکات ماوەی چەند هەفتەیەکە هەوڵی گرتنەوەی شاری ئەلباب دەدەن لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات، ئەوەی تورکیا نزیکەی 4 مانگە دەسـتیپـێکردووە بۆ دورخستنەوەی داعش لە سنوورەکانی و هەروەها ڕێگەگرتن لە پـێشڕەوی زیاتری هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەوەی یەپەگە هێزی سەرەکیـیەتی.

لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هێزەکانی تورکیا لە میانەی شەڕەکاندا لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی حەلەب هەتا ئێستا زیاتر لە 250 کەسی سیڤیلیان کوشتووە و سەدانی دیکەیان بریندارکردووە.

XS
SM
MD
LG