Accessibility links

ڕێکخراوی HRW: گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا موڵک و ماڵی خەڵکیان لە عەفرین داگیرکردووە


ڕێکخراوێکی چاودێری مافەکانی مرۆڤ HRW دەڵێت گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریای سەر بە تورکیا موڵک و ماڵی خەڵکی سیڤیلیان لە عەفرین تاڵان و ێران و داگیرکردووە و خێزانەکانی خۆیانیان تیایاندا نیشتەجێ کردوون.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕاپـۆرتێکیدا کە بە هەرسێ زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و تورکی لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاویکردووەتەوە چەندان حاڵەتی خستووەتە ڕوو کە چۆن گروپە چەکدارەکانی ئەحرار ئەلشەرقیـیە، جەیش ئەلشەرقیـیە، سوڵتان موراد، موڵک و ماڵی خەڵکیان وێرانکردووە و کەسوکاری خۆیانیان لێ نیشتەجێکردوون.

پـریانکا مۆتاپارثی بریکاری بەڕێوەبەری بەشی ئێمرجنسی ڕێکخراوەکە لەم بارەیەوە گوتویەتی"وێرانکردن و چوونە ناو موڵک و ماڵی ئەو خەڵکەی لە تاو شەڕ هەڵهاتوون جۆرە ڕەفتارێکن نابێت لە لایەن لەشکری ئازادی سوریاوە ئەنجام بدرێن. لە بری ئەوەی خەڵکی سیڤیلی بێ دەسەڵات بپارێزن درێژە بە پـێشێلکاریـیەکان."

ڕێکخراوی Human Rights Watch دەڵێت ئەمانەی کراون دەچنە خانەی تاوانی جەنگەوە. پاشان داوا لە تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆن دەکات قەرەبووی ئەو خەڵکەی عەفرین بکەنەوە و ڕێگەیان پـێبدەن بە سەلامەتی و سەربەرزانە بگەڕێنەوە بۆ شارەکەیان و موڵک و ماڵەکانیان ڕادەستبکەنەوە.

ڕێکخراوی هیومەن ڕایتس وۆچ لە درێژەی ڕاپـۆرتەکەیدا دەڵێت هەرچەندە گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن ڕایانگەیاندووە سەرزەنشتی ئەو پـێشێلکاریـیانە دەکەن و قەرەبووی خەڵکەکە دەکەنەوە، بەڵام دانیشتوانی عەفرین، ئەوانەی زیانیان پـێکەوتووە دەڵێن هیچ قەرەبوویەک نەکراونەتەوە.

بەپـێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاش هێرشی تورکیا و گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بۆ سەر عەفرین زیاتر لە 137 هەزار کەس ئاوارەبوون.

XS
SM
MD
LG