Accessibility links

کۆمەڵەی سوریا: لە ماوەی 6 هەفتە لە شەڕی سەر عەفرین 750 کەس کوژراون


کۆمەڵەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە ماوەی 6 هەفتە لە دەسـتپـێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین کە ناوی چڵە زەیتونی لێنراوە، نزیکەی 750 کەس کوژراون.

کۆمەڵەکە کە بنکەکەی لە بەریتانیایە و پەیوەندی بە تۆڕێکی گەورەی چالاکوانان لە ناو سوریا هەیە، ئەمڕۆ هەینی ئەمەی لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیوە و دەڵێت ئەم 750 کەسە بریتین لە خەڵکی سیڤیل و شەڕڤان و سەرباز و چەکداری ئۆپـۆزسیۆنی سوریای سەر بە ئەنکەرە. دەشڵێت جگە لە کوژراوەکان بە سەدان کەسی دیکە برینداربوون.

هەروەها نووسیویەتی هێزەکانی تورکیا کە لە 20 مانگی یەکەوە ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکەیان دەسـتپـێکردووە هەتا ئەمڕۆ زیاتر لە 80 گوند و شارۆچکەی عەفرینیان کۆنترۆڵکردووە.

باس لەوەش دەکات تورکیا شەوی پـێنجشەممە بە هێرشی ئاسمانی 14 چەکداری لە هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریای لە گوندی جمای باکوری ڕۆژئاوای عەفرین کوشتووە.

کۆمەڵەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات هێزەکانی تورکیا ڕووبەڕووی بەرگریـیەکی توند بوونەتەوە و لە چەند هێرشێکی پـێچەوانەی هێزە کوردیـیەکان لە دوو ڕۆژی ڕابردوو بە لایەنی کەم 15 سەربازی تورکیان کوشتووە.

XS
SM
MD
LG