Accessibility links

میدیاکانی سوریا: تورکیا تۆپـبارانی هێزەکانی حکومەتی لە عەفرین کردووە


هێزەکانی حکومەتی سوریا چوونە ناو عەفرین، ئەمەش پاش یەک مانگ لە دەستـپێکردنی لەشکرکێشیـیەکەی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچە زۆرینە کوردیـیە نیمچە گەمارۆدراوە. هاوکات میدیا فەرمیـیەکانی سوریا دەڵێن تورکیا تۆپبارانی هێزەکانی کرد.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە هێزەکانی سوریا بە چەکی قورسەوە لە ناوچەی مایری ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا بەرەو ناوچەی شەتل ئەلزیارەی عەفرین بەڕێکەوتن و میدیاکان ڤیدیۆی گەیشتنی هێزەکانیان بڵاوکردەوە.

نوری مەحمود گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل لەم بارەیەوە ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت لە پاش یەک مانگ لە "بەرگری ئەفسانەیی" لە دژی لەشکرکێشیـیەکەی تورکیا، داوایان لە حکومەت و لەشکری سوریا کردووە بە ئەرکی خۆیان هەستن بۆ پاراستنی سنوورەکانی وڵاتەکە، بۆیە حکومەتی سوریا بە دەنگ داواکەیانەوە هاتووە و ئەمڕۆ سێشەممە هێزی ناردووە تاوەکو لە سنوورەکان جێگربن و بەرگری لە خاکی سوریا بکەن.

میدیاکانی حکومەتی سوریاش لای خۆیانەوە هەواڵەکەیان بڵاوکردەوە و گوتیان هاوکاتی گەیشتنی هێزەکانیان بۆ عەفرین لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە بە تۆپ کراونەتە ئامانج.

کەناڵی مەیادینی نزیک لە حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە کە تۆپـخانەی تورکیا ناوچەی کەفینی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریای تۆپـبارانکردووە و لە بەرامبەردا هێزەکانی سوریاش وەڵامیان داونەتەوە. کەفین دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی کانتۆنی عەفرین.

XS
SM
MD
LG