Accessibility links

تورکیا دەڵێت بەرزایی قستەلی لە عەفرین کۆنترۆڵکردووە و هێزەکانی یەپەگە ڕەتیدەکەن


هێزە سەربازییەکانی تورکیا و چەکدارە هاوپەیمانەکانی تورکیا وەک دەڵێن کۆنترۆڵی بەرزاییەکی ستراتیژییان کردووە لە درێژەی ئەو هێرشەی پێی ناوەتە دووهەم هەفتەیەوە دژ بە جەنگاوەرانی کورد لە سوریادا.

پەیامنێرانی ئاژانسی دەنگ و باسی ئەسیۆشێتد پرێس لەسەر سنوری تورکیاوە دەڵێن دەنگی تەقینەوە و پێکدادان لە شارۆچکەی کیلیسی تورکیاوە دەبیسترێت لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی ناو سوریا دەکەن و دەشڵێن چڕە دوکەڵێکی زۆر لە بەرزایی ستراتیژی قەستەل دەبینرێت.

یەکینەکانی پاراستنی گەل کە بەرەنگارییەکی بەهێزی ئەو هێرشانەی تورکیا دەکەن دەڵێن لەگەڵ ئەوەشدا کە ئانکەرە هێزی زیاتریشی ناردووە بەڵام هێشتا نەیتوانیوە بە تەواوەتی ئەو بەرزاییە ستراتیژیە کۆنترۆڵ بکات و دەشڵێن هێزی خۆشیان ئامادەکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو شوێنانەی هێزەکانی تورکیا داگیریان کردوون.

لە لایەکی دیکە دەستەی کارگێڕی بەڕێوبەرایەتی کانتۆنی عەفرین داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و هەروەهاش ئەنجومەنی ئاسایشی سەرە بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بە خێرایی ڕۆڵیان هەبێت لە ڕاگرتنی کردە لەشکرییەکانی تورکیا کە ئانکەرە دژی یەکینەکانی پاراستنی گەل دەستی پێکردووە.

عوسمان شێخ عیسا، هاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین لە لێدوانێکدا بۆ ڕادیۆی سەوا وتوویەتی ژمارەی قوربانیانی سیڤیل لەوەتای لە زیاتر لە هەفتەیەکەوە کە ئەو هێرشانەی تورکیا دەستیان پێکردووە 53 کوژراو و زیاتر لە 151 برینداریش هەن.

هاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین ئاگاهیشیداوە لە دروستبوونی کارەساتێکی مرۆیی لە عەفرین و ئاماژەشی بەوە کردووە ئامانجی ئانکەرە لەو هێرشانەی کۆچپێکردنی خەڵی سیڤیلی ناوچەکەیە بۆ گۆڕینی سروشتە دیمۆگرافییەکەی.

عوسمان شێخ عیسا نکوڵی لە ڕاستی و دروستی ئەو زانیاریانە دەکات کە دەسەڵاتدارانی تورکیا بڵاویان کردۆتەوە لەسەر کوژرانی بە سەدان جەنگاوەری کورد لەو کردە لەشکریانەدا و دەڵێت هەتا ئێستا زیانە گیانییەکان لە ئاکامی ئەو هێرشانە لە 47 کەس زیاتر نییە.

لەشکری تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە کوژرانی 597 جەنگاوەری کوردی ڕاگەیاندووە لە چوارچێوەی کردە لەشکرییەکانی چڵە زەیتوندا.

پێشتر وەزارەتی بەرگری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "پەنتاگۆن" داوای لە تورکیا کردبوو ئەو ئاگری پشێویە دابمرکێنێتەوە کە بەهۆی دەستێوەردانە لەشکرییەکەی تورکیاوە هاتۆتە ئاراوە لە عەفرین و دەشڵێت ئەو ڕەوشە سوود بەو تواناییانە ناگەیەنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا و لە سەروو هەمووشیانەوە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی داعش.

XS
SM
MD
LG