Accessibility links

وەزیری بەرگری تورکیا: ئۆپەراسیۆنی عەفرین هەر ئەنجام دەدەین


وەزیری بەرگری تورکیا دەڵێت ئۆپەراسیۆنی لەشکری بۆ ناو عەفرین هەر ئەنجام دەدەن، بەڵام ساتی دەسـتپـێکردنی بەندە بەوەی لە چ کاتێکدا زۆرترین کاریگەری دەبێت و سەرکەوتنی زیاتر بەدەستدەهێنێت.

نورەدین جانیکلی ئەمڕۆ هەینی ئەمەی بۆ کەناڵی خەبەری تورکی ڕاگەیاند و گوتی ئۆپەراسیۆنەکە دەسـتیپـێکردووە، بەڵام هێشتا هێزەکانیان سنووری عەفرینیان نەبەزاندووە.

گوتیشی زانیاری تەواویان هەیە لە بارەی ژمارەی هێزەکانی یەپەگە و شوێنەکانیان و ئەو چەکانەی لە دەستیاندایە.

سەبارەت بە لێدوانەکەی دوێنێ پـێنجشەممەی هێزەر ناوەرت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە داوای لە تورکیا کرد هێرشی سەر عەفرین ئەنجام نەدات و پـێویستە هەموو لایەنەکان سەنگی بخەنە سەر شەڕی دژی داعش، وەزیری بەرگری تورکیا گوتی" قسەی هیچ و بێ مانایە، داعش کۆتایی‌پێهاتووە."

گوتیشی ئەم لێدوانانە نیشانی دەدەن ئەمەریکا پـرسی داعشی کردووە بە بەهانە بۆ ئەوەی هەژمونی لە هەندێک ناوچەی سوریادا هەبێت.

پاشان لە بارەی ئاگادارکردنەوەکەی دوێنێی وەزارەتی دەرەوەی سوریا کە ڕایگەیاندبوو هێزی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەیان دەتوانێت فڕۆکەکانی تورکیا لە ئاسمانی سوریا تێکبشکێنێت، جانیکلی گوتی حکومەتی سوریا بەبێ یارمەتی هێزی دیکە لە توانایدا نیـیە هەڕەشەکانی لە دژی تورکیا جێبەجێ بکات.

هاوکاتی ئەم لێدوانانەی جانیکلی هێزەکانی تۆپخانەی لەشکری تورکیا تۆپـبارانی هەردوو ناوچەی جەندەریس و ڕاجۆی نزیک سنوورەکانی ڕۆژئاوای عەفرینیان دەکرد.

لە لایەکی دیکە کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەسەر ماڵپەڕی خۆی نووسیویەتی بە سەدان چەکداری هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریای سەر بە تورکیا بەرەو نزیک سنوورەکانی عەفرین براون و بەپـێی سەرچاوەکان بە نیازن لە 10 قۆڵەوە هێرشەکەیان ئەنجام بدەن.

کۆمەڵەکە کە بنکەکەی لە بەریتانیایە هەروەها نووسیویەتی هێشتا هێزەکانی ڕووسیا لە عەفرین نەکشاونەتەوە.

XS
SM
MD
LG