Accessibility links

سەرچاوە: تورکیا و سوید یەکەمین کۆبوونەوەی ئاسایشی ئەنجام دەدەن دوای ئەوەی سوید بوو بە ئەندام لە ناتۆدا


سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی تورکیا ڕۆژی سێشەممە وتی تورکیا و سوید ڕۆژی چوارشەممە یەکەمین کۆبوونەوەی نێوانییان ئەنجام دەدەن و تاوتوێی ڕێککەوتنێکی ئاسایش دەکەن کە هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەری بۆ دڵنیابوونەوە لە پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا لەلایەن تورکیاوە.

سەرچاوەکە وتی کۆبوونەوەکە لە ماوەی سەردانێکی وەزیری دەرەوەی سوید ماریا مالمەر ستێنەرگارد دەبێت بۆ ئەنکەرە، کۆبوونەوەکە " گرنگییەکی تایبەتی " دەبێت لە ڕووی باشکردنی هاریکارییەکانەوە لەسەر تیرۆر.

لە مانگی یەکدا تورکیا ئەندامێتی سویدی لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا پەسەند کرد، ئەوەش دوای زیاتر لە یەک ساڵ دواخستنی کە هۆکارەکەی دەگەڕاندەوە بۆ نیگەرانییەکانی سەبارەت بە هەڵوێستی سوید لەسەر ئەو کەس و لایەنانەی کە تورکیا بە تیرۆریستییان دەزانێت، هەروەها هۆکارێکی دیکەش قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەک بوو بۆ تورکیا لەلایەن سویدەوە، بەڵام دواتر سوید ئەو قەدەغەکردنەی لابرد.

یەکێک لە مەرجەکانی تورکیا بۆ پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا ئەوە بوو سوید یاساکانی دژە تیرۆری چاک بکات و ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان سەرکوت بکات، هەروەها گروپێکی دیکەش کە تورکیا پێی وایە ئەندازیاری کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی 2016 بووبێتن.

ڕێککەوتنە ئاسایشییەکە لەلایەن سکرتێری گشتی ئەو کاتەی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ و سەرکردەکانی تورکیا و سویدەوە پەسەند کرا لە کۆبوونەوەکەی ناتۆدا لە ساڵی 2023 دا. لایەنەکان ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ستۆکهۆڵم " نەخشەڕێگایەک " بخاتەڕوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. سوید لە مانگی سێدا بوو بە ئەندام لە ناتۆدا.

سەرچاوەکە وتی " هاریکارییەکان لە بواری ئاسایشدا، بە تایبەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆردا، لە چوارچێوەی ئەو نەخشەڕێگایەدا تاوتوێ دەکرێت." وتیشی گفتوگۆکان ئامانج لێیان ڕێگەخۆشکردنە لەبەردەم گرتنەبەری هەنگاوی دیکەدا لەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان و گروپەکانی ناو سوریادا.

سەرچاوەکە وتیشی لە ماوەی کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان و وەزیری دەرەوەی سوید تاوتوێی پەیوەندییە دوو لایەنەکەی نێوانیشیان دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG