Accessibility links

تورکیا: کۆبوونەوەکەی ناتۆ لە مەدرید دوا وادە نیە بۆ بڕیاردان لەسەر داواکانی سوید و فینلەندا بۆ چوونەپاڵ ناتۆ


وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، مانگی ڕابردوو سوید و فینلەندا بە فەڕمی داوای ئەندامێتییان کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەڵام تورکیا دژایەتی هەوڵەکانیان دەکات.

سوید و فینلەندا دەڵێن گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، بەڵام سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی چوارشەممە وتی وەڵامی هیچ کام لە داواکارییەکانیان بەدەست نەگەیشتووە. تورکیا داوای لە سوید و فینلەندا کردووە چیتر پشتیوانی لەو گروپانە نەکەن کە تورکیا بە تیرۆریست ناوییان دەبات، هەروەها کۆتایی بهێنن بە قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا و ڕادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی کە تورکیا بەدوایاندا دەگەڕێت.

وتەبێژی ئەردۆغان و ڕاوێژکاری باڵای تورکیا ئیبراهیم کالین لە سەردانەکەیدا بۆ مەدرید بە دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵۆی تورکیای وت بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان سەبارەت بە ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆ پەیوەستە بە چۆنێتی وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی تورکیاوە.

دەزگاکە لە زاری کالینەوە بڵاویکردەوە " ئێمە خۆمان نەبەستۆتەوە بە کاتێکی دیاریکراوەوە، وەکو کۆبوونەوەکەی ناتۆ لە مەدرید." وتیشی لەکاتێکدا کە کۆبوونەوەکە گرنگ دەبێت لە تاوتوێکردنی کێشە دیارەکانی وەکو داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و هاریکارییەکانی نێوان وڵاتانی هاوپەیمانێتییەکە، ئەو وڵاتانەشی کە دەیانەوێت ببنە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا دەبێت هەنگاو بنێن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نیگەرانییەکانی وڵاتانی ئەندامدا."

وتی " هەست بەوە ناکەین لەڕووی کاتەوە لەژێر فشاردا بین، وەکو ئەوەی بڵێین دەبێت ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەکەی ناتۆدا یەکلایی ببێتەوە، ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە سوید و فینلەندا بە ڕوون و ئاشکرا و بەشێوەیەکی بەرجەستە ئەو هەنگاوانە بخەنە ڕوو کە بەنیازن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بیانگرنەبەر."

لە ماوەی ڕابردوودا سکرتێری گشتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ لەمیانەی سەردانێکیدا بۆ ئەمەریکا وتی داوا لە بەرپرسانی باڵای فینلەندا و سوید و تورکیا لە بڕۆکسل دەکات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆببنەوە و تاوتوێی بابەتەکە بکەن. لە 29-30 ی مانگی شەشدا هاوپەیمانێتی ناتۆ لە مەدرید کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG