Accessibility links

ئەردۆغان هەوڵەکانی سوید بۆ چوونە پاڵ ناتۆ پەیوەست دەکات بە ڕەوانەکردنەوەی کەسانی نزیک لە پەکەکە و گولەن


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت سوید نابێت پێشبینی ئەوە بکات بەبێ ڕەوانەکردنەوەی " تیرۆریستان " تورکیا داواکەی بۆ چوونە پاڵ ناتۆ پەسەند بکات، هەروەها وتی نابێت نوێنەرانی سوید و فینلەندا بێن بۆ تورکیا تاوەکو ڕازیمان بکەن داواکەیان بۆ هاتنە ناو هاوپەیمانێتی ناتۆوە پەسەند بکەین.

لە ماوەی ڕابردوودا سوید و فینلەندا بە فەرمی داوای چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆیان کرد کە ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکات، بڕیارەکە لە داگیرکارییەکەی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا سەرچاوەی گرت، سەرەڕای ئەوەی تورکیا دژایەتی ئەو بابەتە دەکات، پێشبینی دەکرێت پرۆسەی پەسەندکردنی داواکان تەنها چەند هەفتەیەکی کەم بخایەنێت.

تورکیا دەڵێت سوید و فینلەندا داڵدەی ئەو کەسانەیان داوە کە تورکیا وەکو تیرۆریست ناوییان دەبات، بەتایبەتی پارتی کرێکارانی کوردستان و لایەنگرانی کەسایەتی ئایینی تورکیا فەتحوڵا گولەن، کە ئەنقەرە بە تۆمەتی پلانگێڕان بۆ کودەتاکەی ساڵی 2016 ی تورکیا تۆمەتباری کردووە.

ئەردۆغان لە پەرلەمانی وڵاتەکەیدا وتی " هەستیارییەکمان هەیە کاتێک سنوورەکانمان لە هێرشی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەپارێزین."

ئەردۆغان وتی "وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ هەرگیز پشتیوانییان لە تورکیا نەکردووە لە شەڕیدا دژ بە گروپە چەکدارییە کوردەکان، لەوانەش یەپەگە لە سوریا."

وتی " تەنها لە کاتێکدا فراوانبوونی ناتۆ مانادار دەبێت بۆ ئێمە کاتێک ڕێز لە هەستیارییەکانمان بگیرێت."

کەناڵی تی ئاڕ تی تورکیا ڕۆژی دووشەممە وتی سوید و فینلەندا مۆڵەتیان نەداوە بە ڕەوانەکردنەوەی ئەو 33 کەسەی کە تورکیا داوای کردوون.

ئەردۆغان وتی " تیرۆریستانمان نادەنەوە و داوای ئەندامێتی لە ناتۆدا دەکەن ؟ ناتۆ لایەنێکە بۆ ئاسایش، ڕێکخراوێکە بۆ ئاسایش، لەبەر ئەوە ناتوانین بڵێین ' بەڵێ ' بۆ داڕماندنی ئاسایش لەم ڕێکخراوە ئاسایشییەدا."

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کاتێک پرسیاری لێکرا لەسەر ئەوەی چۆن تورکیا ڕازی دەکات دەستبەرداری دژایەتیکردنی هەوڵەکانی سوید و فینلەندا ببێت، وتی " پێم وایە سوید و فینلەندا سەرکەوتوو دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ چوونە پاڵ ناتۆ. پێم وایە کێشەمان نابێت."

سەرۆکایەتی تورکیا وتی ڕاوێژکاری باڵای سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆغان، ئیبراهیم کالین بە تەلەفون لەگەڵ هاوتا سویدی و فینلەندی و ئەمەریکییەکەیدا قسەی کردووە، کالین وتی بەرەوپێشچوونی هەوڵەکانی سوید و فینلەندا تەنها لە کاتێکدا دەبێت کە هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نیگەرانییە ئاسایشیە نیشتیمانییەکانی تورکیادا.

هاوکات ئەردۆغان وڵاتانی ناتۆی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە تیرۆریستان، ئاماژەی بەوەدا وڵاتانی ناتۆ چەک دەدەن بە یەپەکە، یەپەگە خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا و تورکیا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوایە.


ئەردۆغان وتیشی تورکیا دژایەتی هەوڵی ئەو وڵاتانە دەکات کە دەیانەوێت بچنە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆوە و لە هەمان کاتیشدا سزایان بەسەر تورکیادا سەپاندووە. سوید و فینلەندا هەناردەکردنی چەکییان بۆ تورکیا قەدەغە کردووە، ئەوەش دوای دەستوەردانەکەی تورکیا لە سوریا دژی یەپەگە لە ساڵی 2019 دا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG