Accessibility links

تورکیا: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سنووری باشووری تورکیا بۆ ئاسایشی وڵاتەکە پێویستن


ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا دەڵێت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێستا و داهاتووی وڵاتەکە لە سنووری باشووری تورکیا بە ئامانجکردنی سەروەری خاکی وڵاتانی دراوسێی نیە، بەڵکو پێویستن بۆ ئاسایشی تورکیا.

بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا دوای ئەوە هات سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند تورکیا بەمزووانە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێ لە باشووری وڵاتەکە ئەنجام دەدات و 30 کم ناوچەی پارێزراو دروست دەکات و ڕووبەڕووی " هەڕەشە تیرۆریستییەکان " دەبێتەوە.

ئەنجومەنەکە دوای کۆبوونەوە سێ کاتژمێرییەکەی لەگەڵ ئەردۆغاندا لە بەیاننامەکەدا وتی " ئۆپەراسیۆنەکانی ئێستا و داهاتووش مەبەست لێیان نەهێشتنی هەڕەشەکانی تیرۆرە لەسەر سنووری باشووری وڵاتەکەمان و بە هیچ شێوەیەک بە ئامانجکردنی سەروەری خاکی دراوسێکانمان نیە."

پێشبینی دەکرێت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا باکووری سوریا بکەنە ئامانج، کە لە ساڵی 2016 ەوە تورکیا کۆمەڵێک ئۆپەراسیۆنی لەو ناوچەیەدا ئەنجامداوە و زۆرینەشیان بە ئامانجکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد " یەپەگە " بووە کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG