Accessibility links

کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی تورکیا دەڵێت وڵاتەکەی داوای پشکنینی کونسوڵخانەی سعودیـیەی کردووە


کەناڵی NTV ی تورکیا دەڵێت کاربەدەستانی وڵاتەکەی داوایان لە عەرەبستانی سعودیـیە کردووە ڕێگەیان پـێبدات کونسوڵخانەکەی لە شاری ئستەنبوڵ بپشکنن لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانیان بۆ زانینی چارەنووسی جەمال خاشقچی نووسەر و ڕۆژنامەوانی سعودی کە لە هەفتەی ڕابردووەوە بێ‌سەروشوێن بووە.

خاشقچی سێشەممەی ڕابردوو چووەتە ناو کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئستەنبوڵ بۆ جێبەجێکردنی مامەڵەی هاوسەرگیری. کاربەدەستانی کونسوڵخانەکە دەڵێن چووەتەوە دەرێ، بەڵام دەستگیرانەکەی کە لە دەرەوەی کونسوڵخانەکە چاوەڕێی دەکرد، ئەم ئیدیعایەی کونسوڵخانەکە ڕەتدەکاتەوە.

شەوی شەممە کاربەدەستانی تورکیا ڕایانگەیاند بەپـێی لێکۆڵینەوە سەرەتایـیەکان پـێدەچێت خاشقچی لە نێو کونسوڵخانەکە کوژرابێت، بەڵام سعودیـیە ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە.

کەناڵی NTV دەڵێت وەلید بن عەبدولکەریم ئەلخرێجی باڵیۆزی سعودیـیە بۆ تورکیا جارێکی دیکە بۆ وەزارەتی دەرەوە بانگهێشتکراوە و داوای لێکراوە بە تەواوی یارمەتی لێکۆڵینەوەکان بدات و ڕێگە بە پشکنینی کونسوڵخانەکە بدەن.

ڕۆژی شەممە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئستەنبوڵ دەرگاکانی بۆ میدیاکان کردەوە تاوەکو دڵنیا بن لەوەی خاشقچی لەوێ نیـیە. ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت ژمارەیەک ڕۆژنامەوانی بە بینای کونسوڵخانەکە گەڕاون کە لە شەش نهۆم پـێکدێت.

بەڵام ڕۆیتەرز دەڵێت کاربەدەستێکی تورکیا گوتویەتی ئەوان پـێـیان وایە خاشقچی لە ناو کونسوڵخانەکە کوژرابێت و تەرمەکەی برابێتە دەرێ.

جەمال خاشقچی لە ساڵی 2017 وە لە ئەمەریکا ژیانی بەسەربردووە و بە وتارە ڕەخنە ئامێزەکانی لە دژی کاربەدەستانی وڵاتەکەی ناسراوە.

XS
SM
MD
LG