Accessibility links

دایکانی شەممە لە تورکیا دوای پێنج ساڵ جارێکیتر خۆپیشاندانێکیان بەڕیوەبرد


ئەندامانی خێزانی ئەو قوربانییانەی لە تورکیا بێسەروشوێن بوون، ڕۆژی شەممە لە ناوەڕاستی ئیستەنبوڵ و بەبێ دەستوەردانی پۆلیس بۆ یەکەمین جار لە دوای ساڵی 2018 ەوە کە چالاکییەکانیان قەدغەکرا، خۆپیشاندانێکییان ڕێکخست کە بە بێداریی ناسراوە.

دەستپێکردنەوەی بێداریی " دایکانی شەممە " دوای ئەوە دێت وەزیری ناوخۆی تورکیا عەلی یارلیکایا ڕۆژی چوارشەممە وتی حکومەتەکەی نیازی هەیە چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ ئەم پرسە بدۆزێتەوە، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ یاسادانەرانی ئۆپۆزسیۆن لە ماوەی دانیشتنێکی پەرلەماندا.

گروپی دایکانی شەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، خۆپیشاندانی گروپەکە، کە نزیکەی 10 کەس بوون وەک نەریتی ئەو گرووپە لە گۆڕەپانی گەڵەتەسەرای لە نزیک ناوچەی تەقسیم لە ناوەڕاستی ئیستەنبوڵ، 972 هەمین بێداریی خۆی بەڕیوەبردووە.

ئەوان گوتیان " ناوەستین لە گەڕان بە دوای خەڵکە بێسەروشوێنەکانماندا و داوا دەکەین تاوانباران دادگایی بکرێن و سزا بدرێن."

دایکانی شەممەگروپێکن لە تورکیا کە لە ساڵەکانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا خزم و کەسوکارییان ڕفێندراون یاخود بەبێ هیچ تۆمارێک دەستبەسەرکراون. لە ساڵی 2018 دا پۆلیسی تورکیا بە دایکانی شەممەی وت خۆپیشاندانەکانییان قەدەغەکراون و بە بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕژین و تۆپی ئاویی بڵاوەیان پێکردن.

ئەندامانی گروپەکە لە ساڵی 2021 دا بە تۆمەتی ڕەتکردنەوەی بڵاوەپێکردنییان سەرەڕای ئاگادارییەکانی پۆلیس دادگایی کران، هەروەها لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا پۆلیس هەموو ڕۆژێکی شەممە بڵاوەی بە ئەندامانی گروپەکە کردووە و دەستبەسەری کردوون لە کاتێکدا کە هەوڵییان داوە خۆپیشاندانەکانییان ڕێکبخەن.

بەڵام لە مانگی دوودا دادگای دەستووریی تورکیا بڕیاریدا و وتی مافی هەندێک لە ئەندامانی گروپەکە بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندان پێشێل کراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG