Accessibility links

تورکیا دەڵێت بە هاوبەشی لەگەڵ ڕوسیادا سیستمی ئێس 500 بەرهەم دەهێنن


ڕەجەب تەیب ئەردۆگان

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ڕایگەیاند تورکیا و ڕوسیا بە هاوبەشی سیستمی بەرگری ئێس 500 بەرهەم دەهێنن، ئەمەش دوای ئەوەی تورکیا بەنیازە سیستمی بەرگری موشەکی ڕوسی ئێس 400 لە ڕوسیا بکڕێت و مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی ئێس 400 لەلایەن ئەنقەرەوە گرژی خستە نێو پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمەریکاوە کە هەردووکیان ئەندامی سەرەکی هاوپەیمانێتی ناتۆن.

ڕۆژی شەممە ئەردۆگان لەبەردەم کۆمەڵێک گەنجدا جەختی لەوە کردەوە وڵاتەکەی لە گرێبەستی کڕینی سیستمی ئێس 400 پاشگەزنابێتەوە و وتی ئەو گرێبەستە تەواو بووە و واژۆ کراوە.

وتیشی " پێکەوە لەگەڵ ڕوسیادا دوای ئێس 400 سیستمی بەرگری ئێس 500 بەرهەم دەهێنین."

بەڵام ئەمەریکا بە توندی دژایەتی ئەوە دەکات تورکیا سیستمی ئێس 400 لە ڕوسیا بکرێت و دەڵێت ئەم سیستمە فڕۆکە جەنگییە ئێف 35 ەکانی ئەمەریکا دەخاتە مەترسییەوە و دەشڵێت ناکرێت تورکیا لە یەک کاتدا سیستمی بەرگری ناتۆ و سیستمی بەرگری ڕوسی هەبێت.

ئەمەریکا لەوە دەترسێت ئەو تەکنەلۆجیایەی کە لە سیستمی ئێس 400 دا بەکارهاتووە بەکاربهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە تەکنەلۆجیای فڕۆکە سەربازییەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ، بەمەش ڕوسیا دەتوانێت ئەو زانیاریانەی دەست بکەوێت.

ئەگەر تورکیا ئەو سیستمە لە ڕوسیا بکڕێت، ئەوا بەپێی یاسایەکی ئەمەریکا کە دەڵێت ئەگەر هەر وڵاتێک گرێبەستی چەک لەگەڵ ڕوسیادا واژۆ بکات، ئەوا ڕووبەڕووی سزای ئابووری دەبێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG