هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێن ڕووسیا بەرپـرسیارە لە کوژرانی ئەو گەنجەی ئەمڕۆ هەینی لەلایەن زریپـۆشێکی تورکیا لە نزیک دێرک کرا بە ژێرەوە.
کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڤیدیوی ساتی ڕووداوەکەی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت ماشێنێکی لەشکری تورکیا گەنجەکەی لە گوندی سرمساخی سەر بە ناوچەی (گرکێ لەگی) کردووە بە ژێرەوە و پاشان براوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێ گیانی لەدەستداوە.
ئاژانسی دەنگوباسی هاوارنیوز دەڵێت گەنجەکە ناوی سەربەخۆبوون عەلی بوو کە خەڵکی گونی تەل جەمالە. هەروەها 5 کەسیش گەیەندراونەتە نەخۆشخانە کە بەهۆی گازی فرمێسک ڕێژی هێزە تورکیـیەکە باری تەندروستیان تێکچووبوو.
مستەفا بالی بەرپـرسی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەسەر تویتەرەکەی نووسی"سەربەخۆبوون گیانی لەدەستدا، گەنجێکی گوندی تەل جەمال بوو، زرێپـۆشێکی تورکیا کردی بە ژێرەوە کاتێک هێزێکی تورکی و ڕووسی بە ناوچەی دێرک هاتوچۆیان دەکرد. ئێمە تورکیا بەرپـرسیار دەکەین کە ئیدیعای ئەوەی دەکرد ناوچەکە بەبێ هێزەکانی سوریای دیموکرات و بە هێزی هاوبەش زیاتر پارێزراوتر دەبێت، بۆیە لەم کوشتنە بەرپـرسیارە."
هاوکات بەردبارانکردنی هێزە هاوبەشەکانی تورکیا و ڕووسیا بەردەوامن و لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیا ڤیدیۆکانیان بڵاودەکرێنەوە.