Accessibility links

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت هیچ لە بەرنامەیاندا نیـیە وەرگرتنی S-400 دوابخەن


وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەو هەواڵانەی بە درۆخستەوە کە دەڵێن تورکیا بە نیازە لەسەر داوای ئەمەریکا خشتەی وەرگرتنی سیستەمی بەرگری موشەکی S-400 لە ڕووسیا دوابخات.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئەنکەرە بە ڕۆژنامەوانانی گوت وڵاتەکەی پـلانی دواخستن یان ڕاگرتنی وەرگرتنی سیستەمی S-400 ی لە بەرنامەدا نیـیە. گوتیشی بۆچی باس لە دواخستن بکەن سەبارەت بە گرێبەستێک کە مۆرکراوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئەنکەرە داوای لە واشنتن کردووە پـێکەوە گروپـێکی کار پـێکبهێنن هەتا شارەزایان بڕیار بدەن ئایە بوونی سیستەمی S-400 لە تورکیا جێی هەڕەشەیە بۆ سەر سیستەمەکانی ناتۆ و فڕۆکەی F-35 یان نا.

هەروەها گوتی ئەگەر ئەمەریکا دڵنیایە لەوەی S-400 جێی هەڕەشەیە با بە پـێشنیاری تورکیا بۆ پـێکهێنانی گروپەکە ڕازی‌بێت.

لە لایەکی دیکە کاربەدەستانی ڕووسیا ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی تورکیایان پشـتڕاستکردەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕووسیا (TACC) لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی یوری یوشکۆڤ یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا گوتویەتی ئاگادارن ئەمەریکا فشاری خستووەتە سەر تورکیا تاوەکو وەرگرتنی سیستەمی S-400 دوابخات، بەڵام هەتا ئێستا هیچ دواخستنێک لە ئارادا نیـیە و کارەکان بە باشی دەڕۆن.

XS
SM
MD
LG