وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت تورکیا داوای لە وڵاتەکەی کردووە پەلە بکات لە ناردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی جۆری S-400 .
سێرگێی لاڤرۆڤ ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو هاوتا تورکەکەی لە مۆسکۆ، ئەمەی ئاشکرا کرد و گوتی لە ئێستادا مۆسکۆ تاووتوێی ئەم داوایەی تورکیا دەکات.
هەروەها گوتی لە میانەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ چاوشئۆغڵو باسیان لە کارئاسانی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات کردووە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە ماوەی ساڵی ڕابردوو بازرگانی نێوانیان 37% زیادیکردووە وە زیاتر لە 4 ملیۆن گەشتیاری ڕووسی سەردانی تورکیایان کردووە.
پاشان سەبارەت بە سوریا، لاڤرۆڤ بە ڕۆژنامەوانانی گوت هیچ گومانی لەوەدا نیـیە ئەمەریکا کار بۆ دابەشبکردنی سوریا دەکات و دەخوازێت بۆ هەمیشە لەوێ بمێنێتەوە. گوتیشی لایەنی تورکی زانیاری بە ڕووسیا داوە. هەروەها ڕەتیکردەوە ڕژێمی سوریا چەکی کیمیایی لە دژی خەڵکی سیڤیلی غوتەی ڕۆژهەڵات بەکارهێنابێت و گوتی واشنتن بەو بیانووە دەیەوێت دیمەشق بۆردومان بکات.
چاوشئۆغڵو لای خۆیەوە ستایشی ڕووسیای کرد و گوتی مۆسکۆ یەکێکە لە گرنگترین هاوبەشەکانی ئەنکەرەیە لە بواری ئابوری و سیاسی.