Accessibility links

وەزیری دەرەوەی تورکیا نکوڵی دەکات لەوەی گوتبێتی ڕووسیا دەتوانێت ئنچەرلیک بەکاربهێنێت


وەزیری دەرەوەی تورکیا نکوڵی کرد لەوەی گوتبێتی ڕووسیا دەتوانێت بنکەی ئاسمانی ئنچەرلیک لە باشوری وڵاتەکە لە دژی داعش بەکاربهێنت.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو ئەمڕۆ دووشەممە لە میانەی کۆبوونەوەی حکومەتی وڵاتەکەی گوتی ئەو لە لێدوانێـکیدا بۆ کەناڵێـکی تەلەفیزیۆن ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو کە دەشێت بۆ شەڕی داعش هاوکاری لەگەڵ هەرچ کەسێـک بکەن، بەڵام نەیگوتووە ڕووسیا دەتوانێت بنکەی ئنچەرلیک بۆ ئەم مەبەستە بەکاربهێنێت.

پاشان گوتی میدیاکانی وڵاتەکەی لێدوانێـکەکەیان بە هەڵە لێـکداوەتەوە و بە دوایاندا دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا بڵاویان کردووەتەوە.

جێی ئاماژەیە پـێشتر هەر ئەمڕۆ دووشەممە چاوش‌ئۆغڵو لێدوانی بۆ کەناڵی تەلەفیزیۆنی TRT ی فەرمی تورکیا دا و گوتی " ئێمە هاوکاری لەگەڵ هەموو کەسێـک دەکەین شەڕی داعش بکات. ئێمە هەر لە سەرەتاوە لە نێو ئەم شەڕەداین و بنکەی ئنچەرلیکمان لە بەردەم ئەوانە کردووەتەوە کە دەیانەوێت چالاکانە بەشداری لەم شەڕەدا بکەن. بۆیە چی ڕێگر دەبێت لە بەردەم هاوکاریکردن لەگەڵ ڕووسیا بە هەمان شێوە؟ داعش دوژمنی هاوبەشی هەموومانە و لەسەرمانە پـێکەوە شەڕی بکەین."

دمیتری پـێسکۆڤ گوتەبێژی کرملێن لە بارەی لێدوانەکەی چاوش‌ئۆغلو بۆ کەناڵی TRT گوتی هیچ وتووێژێـکی فەرمی لە نێوان هەردوو وڵاتدا بۆ بەکارهێنانی بنکەی ئنچەرلیک لە لایەن فڕۆکە ڕووسیایـیەکانەوە نەکراوە. بەڵام جەختی لەوە کرد ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا جێی بایەخە و دەزگا بەرپـرسەکانی وڵاتەکەی لە ڕووی سیاسی و لەشکریـیەوە هەڵی‌دەسەنگێنن.

XS
SM
MD
LG