Accessibility links

تورکیا بۆ جاری دووەم باڵیۆزی ڕووسیا لە وڵاتەکەی بانگهێشت دەکات


ئانکەرە بۆ جاری دووەم باڵیۆزی ڕووسیای لە وڵاتەکەی بانگهێشتکردووە، پاش ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گوتی فڕۆکەیەکی ڕووسیایی جارێـکی دیکە ئاسمانی تورکیای لە نزیک سنووری سوریاوە بەزاندووە.

تورکیا یەکەم جار ڕۆژی شەممە ناڕەزایی خۆی گەیاندە باڵیۆزی ڕووسیا و هۆشداری دا لە ئاکامەکانی هەر بەزاندنێـکی دیکەی فڕۆکەکانی ڕووسیا بۆ ئاسمانی تورکیا. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گوتی بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ جاری دووەم لە لایەن فڕۆکەیەکی ڕووسیاوە لە ڕۆژی یەکشەممەدا بووە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیاش لای خۆیەوە ڕۆژی دووشەممە گوتی ڕووداوەکە لە ئاکامی خراپی کەش‌وهەوای ناوچەکە بووە و هیچ هۆکارێـک نیـیە بۆ ئەوەی وەکو پیلانگێڕیـیەک چاوی لێبکرێت.

بەڵام یەنس ستۆلتنبێرگ سـکرتێری گشتی ناتۆ ڕۆژی سێشەممە بە پەیامنێرانی گوت پـێناچێت بەزاندنی سنووری تورکیا لە لایەن فڕۆکە ڕووسیایـیەکانەوە ڕووداوێـکی ڕێکەوت بووبێت.

پاشان هاوسۆزی توندی ناتۆی بۆ تورکیا دەربڕی و داوایکرد جارێـکی دیکە ڕووداوی لەو جۆرە ڕوو نەداتەوە. هەروەها نیگەرانی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر زیادبوونی هێزی لەشکری ڕووسیا لە سوریا و گوتی نەک تەنها داعشی کردووەتە ئامانج، بەڵکو گروپی دیکەی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا و خەڵکی زۆری سڤیلیش گیانیان لەدەسـتداوە.

XS
SM
MD
LG