Accessibility links

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە مۆسکۆوە دەڵێت جەنگ دەبێت بوەستێت


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ و وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ و وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ

وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا وتی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا دەبێت بوەستێت و ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە هەوڵە دیبلۆماتییەکانی بۆ خستنەوەی ئاگربەستێکی درێژخایەن.

دوابەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤدا، چاوش ئۆغلۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ هیواخوازە وەکو هەنگاوێک بەرەو ئاشتی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کۆببێتەوە.

وتی " جەنگ دەبێت بوەستێت، نابێت خەڵکەکە بمرن، ئەمڕۆ بەم تێگەیشتنەوە هاتووم بۆ ئێرە بۆ مۆسکۆ."

وتی " نیگەرانییەکانمان بەشێوەیەکی گونجاو دەربڕیوە و ئەوەی لەسەر شانمان بووە کردوومانە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و کردنەوەی قۆناغێک بۆ دیبلۆماسیەت. حەز دەکەین میوانداری کۆبوونەوەی پوتن و زێلێنسکی بکەین کاتێک بارودۆخەکە دەگاتە ئاستێک کە ئاگربەستێکی درێژخایەن هەبێت."

لاڤرۆڤ وتی هیچ بەربەستێک نیە لەبەردەم کۆبوونەوەی پوتن و زێلێنسکیدا، بەڵام ئاماژەی بەوەدا تەنها لە حاڵەتێکدا ئەو کۆبوونەوەیە ڕوودەدات کاتێک ڕێکەوتنێکی دیاریکراو واژۆ بکرێت.

هەفتەی ڕابردوو لاڤرۆڤ و وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمێترۆ کۆڵێبا لە تورکیا کۆبوونەوە، بەڵام کۆبوونەوەکەیان ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبوو.

تورکیا سنووری ئاوی لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیادا هەیە و پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ هەردوو وڵاتەکەدا هەیە، هەروەها پێشنیاری کردووە نێوەندگری بکات لەنێوانیاندا. پشتیوانی خۆشیشی بۆ ئۆکرانیا دەربڕیوە بەڵام لە هەمان کاتدا دژایەتی سزاکانی ڕۆژئاوا دەکات بۆ سەر مۆسکۆ.

ڕۆژی چوارشەممە چاوش ئۆغلۆ وتی ئەرکی سەرەکی تورکیا ئەوەیە ئەو هاوڵاتیە تورکییانە بگوازێتەوە کە هێشتا لە شاری ماریوپۆڵی گەمارۆدراوی ئۆکرانیا ماونەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی زیاتر لە 15,000 هاوڵاتی تورکی ئۆکرانیایان جێهێشت.

دواتر لە ڕۆژی چوارشەممەدا ئۆفیسی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا ئەنجامداوە و پێی وتووە تورکیا بەرەو پێشەوە چووە لە هەوڵە دیبلۆماتییەکانیدا بۆ گەیشتن بە خستنەوەی ئاگربەستێکی درێژخایەن بەزووترین کات لە ئۆکرانیادا.

لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا ئەردۆغان بە زێلێنسکی وتووە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک لە نێوان زێلێنسکی و پوتندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG