Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت لەگەڵ ڕووسیا بە ڕێکەوتنێکی مێژوویی گەیشتووە لە بارەی سوریا


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا دەڵێت لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن هاوتا ڕووسیایـیەکەی بە ڕێکەوتنێکی مێژوویی گەیشتوون لە بارەی سوریاوە، ئەمەش پاش کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی نێوانیان کە تەنیا وەرگێڕێک ئامادەی بوو.

ئەردۆغان ئەمڕۆ سێشەممە لە شاری سۆچی لەگەڵ پـوتن کۆبووەوە بۆ تاووتوێکردنی سیاسەتی خۆیان لە سوریا لە پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا.

بەپـێی ڕێکەوتنەکە کە لە 12 ی نیوەڕۆی سبەی چوارشەممە بە کاتی ئەنکەرە دەستپـێدەکات، دەبێت هێزە کوردیـیەکان لە ماوەی 150 کاتژمێر لە تەواوی سنوورەکان لەگەڵ تورکیا بکشێنەوە بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر، وە پـۆلیسی سەربازی ڕووسیا لەگەڵ پاسەوانانی سنووری سوریا بچنە ناوچە سنووریـیەکانی سوریا لەگەڵ تورکیا. بەڵام لە سەری کانی هەتا گرێ سپی هێزەکانی تورکیا لە قۆڵایی 32 کیلۆمەترلە ناو خاکی سوریا دەمێننەوە.

هەروەها تەواوی هێزە کوردیـیەکان لە ناوچەی مەنبج و تەل ڕفعەت بکشێنەوە.

هەردوولایان وابەستەیی خۆیان بە یەکپارچەیی خاکی سوریا دووپاتکردووەتەوە وە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بپارێزرێت.

بەپـێی ڕێکەوتنەکە هەردوولا جەختیان کردووەتەوە سەر جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی ئەدەنە، ئەوەی ساڵی 1998 لە نێوان تورکیا و سوریا مۆرکرا بۆ کۆتایی‌هێنان بە بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سوریا. ڕووسیا بەڵێنی داوە یارمەتی بدات لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە.

XS
SM
MD
LG