Accessibility links

سەرۆکی تورکیا دەڵێت هێرشەکانی سەر ئیدلیب هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکی


سەرۆکی تورکیا بە هاوتا ڕووسیایـیەکەی گوتووە هێرشی هێزەکانی حکومەتی سوریا بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای ئیدلیب زیان بە هەوڵەکانی ئاشتی دەگەیەنێت و دەبێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکی.

ئۆفیسی سەرۆکایەتی تورکیا ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن ئەنجامداوە و پـێیشی گوتووە"هێرشەکانی ڕژێمی سوریا و پـێشێلکاریـیەکانی لە ئاگربەستەکان لە ئیدلیب بۆیان هەیە ببنە قەیرانێکی مرۆیی گەورە."

سەرۆکایەتی ڕووسیاش لای خۆیەوە بەیاننامەیەکی لە بارەی ئەو پەیوەندیـیە تەلەفۆنیـیە بڵاوکردەوە. دەڵێت هەردوو سەرۆک باسیان لە ڕێگەچارەکان بۆ سوریا کردووە، لەوانە ئەو کارەی ڕووسیا و تورکیا و ئێران لە پاڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دەیکەن بۆ پـێکهێنانی لیژنەیەک بۆ نووسینەوەی دەستوری نوێی سوریا.

بەیاننامەکەی ڕووسیا باسی لەوەش کرد هەردوو سەرۆک تاووتوێی مەسەلەی سەقامگیری ناوچەکانی پارێزگای ئیدلیبیان کردووە لەگەڵ هەوڵەکانی دەدرێن بۆ نەهێشتنی هەڕەشە تێرۆرستیـیەکانی لەو ناوچانە سەرهەڵدەدنن. بەڵام بەیاننامەکە هیچ ئاماژەیەکی بۆ نیگەرانیـیەکانی تورکیا نەکرد.

XS
SM
MD
LG