Accessibility links

سەرۆکی تورکیا: ڕێگە نادەین قەوارەیەکی دوژمنکارانە لە سنوورەکانی باشوری وڵاتەکەمان دروستببێت


سەرۆکی تورکیا دەڵێت ئەنکەرە ڕێگە نادات هیچ قەوارەیەکی دوژمنکارانە لە نزیک سنوورەکانی باشوری وڵاتەکەی دروستببێت و ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر تورکیا.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا گوتی" ئێمە هیچ کاتێک جیاوازیمان لە نێوان ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان نەکردووە، ئیدی یەپەگە بووبێت یان داعش یاخود بەرەی نوسرە، هەموویان لەسەر فرمێسک و خوێن دەژین، وە ڕیشەکێشکردنی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان بەرپـرسیارێتی هاوبەشمانە، وە ڕێگە نادەین قەوارەی دوژمنکارانە لە نزیک سنوورەکانی باشوری وڵاتەکەمان دروستببن."

گوتیشی ڕەنگە ئەو قەوارانە لە ئایندەدا ببنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری تورکیا، بۆیە ئەنکەرە هەموو ڕێوشوێنێـکی پـێویست دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەو هەڕەشەیە دروست نەبێت.

سەبارەت بە قەیرانی شەڕی ناوخۆی سوریا، پـوتن گوتی مۆسکۆ و ئەنکەرە کۆکن کە شەڕی سوریا تەنیا بە ڕێگەی سیاسی دیپـلۆماسی چارەسەردەکرێت. جەختی لەوەش کرد جێگیرکردنی ئاگربەست گرنگە بۆ هێنانە دی دۆخێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی دیالۆگی سیاسی.

هەروەها گوتی دەبێت دامەزراندی ناوچەیەکی پارێزراو ببێتە مایەی جێگیرکردنی ئاگربەستەکە و بەهێزکردنی ئاشتەوایی تاوەکو یەکپارچەیی خاکی سوریا وەکو جارانی لێبێتەوە و ڕێبەرایەتیـیەکی یەکگرتوو بۆ وڵاتەکە پـێکبهێنرێت. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد فڕینی فڕۆکەی جەنگی بەسەر ئاسمانی ناوچەیەکی لەو جۆرە تەنها لەو کاتە ڕادەگیرێت کە چالاکی لەشکری لێی ئەنجام نەدرێت.

XS
SM
MD
LG