Accessibility links

تورکیا دەڵێت لەگەڵ ڕووسیا ڕێکەوتوون سەبارەت بە ئاگربەستێـکی گشتی لە سوریا


وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت بەرنووسی دوو ڕێکەوتن سەبارەت بە قەیرانی سوریا کاری لەسەر دەکرێت، یەکێـکیان بۆ ئاگربەستە لەو وڵاتە و ئەوی دیکەیان بۆ دەسـتپـێـکردنی پـرۆسەی چارەسەری سیاسیـیە.

مەولود چاوش ئۆغڵو ئەمڕۆ چوارشەممە ئەمەی بۆ ڕۆژنامەوانان ڕاگەیاند، پاش چەند کاژمێرێـک لەوەی ئاژانسی ئانادۆڵوی دەوڵەتی تورکیا بڵاویکردەوە کە بەپـێی سەرچاوەی بڕواپـێکراو تورکیا و ڕووسیا ڕێکەوتوون لەسەر بەرنووسێـک بۆ ئاگربەستێـکی گشتی لە سوریا و بڕیارە ڕەوانەی بەردەم لایەنەکانی قەیرانی سوریا بکەن، بەڵام ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانی ناگرێتەوە.

ئاژانسەکە دەشڵێت سەرچاوەکان گوتوشیانە ئەنکەرە و مۆسکۆ هەوڵێـکی زۆر دەدەن تاوەکو ئاگربەستەکە لە شەوی پـێنجشەممەوە بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، وە ئەگەربێت ئاگربەستەکە سەری‌گرت، ئەوا دانوستاندن لە نێوان ڕژێمی سوریا و ئۆپـۆزسیۆن لە ئەستانەی پایتەختی کازاخستان بە سەرپەرشتی ڕووسیا و تورکیا دەسـتپـێدەکات.

لە مۆسکۆ، دیمتری پـێسکۆڤ گوتەبێژی کرملێن ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێـک لە بارەی ئەم هەواڵەوە بدات و گوتی هیچ زانیاری تەواوی لەم بارەیەوە لەلادا نیـیە. بەڵام گوتی کاربەدەسـتانی ڕووسیا و تورکیا لە پەیوەندیدان بۆ تاووتوێکردنی وردەکاری چۆنیەتی ئەنجامدانی وتووێژەکان لە ئەستانە.

XS
SM
MD
LG