حکومەتی تورکیا باڵیۆزی ڕووسیای لە وڵاتەکەی بانگهێشتکردووە بە مەبەستی دەڕبڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانیـیەکانی ڕووسیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی نزیک سنوورەکەی کە دەڵێت گوندی تورکمان نشینن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند ئەندرێ کالۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا بۆ تورکیا بانگهێشتی وەزارەتەکەیان کراوە و پـێیان گوتووە ئەو هێرشە ئاسمانیـیانەی هێزی ئاسمانی ڕووسیا لە سوریا ئەنجامیان دەدات شەڕی دژە تێرۆر نیـیە، بەڵکو دەسـتدرێژیـیە بۆ سەر گوندە تورکمان نشینەکانی کە خەڵکی سیڤیلیان تێدایە، بۆیە داوا دەکەن هەرچی زووە ئەو هێرشانە ڕابگیرێن.
پـێشتر داوود ئۆغڵو سەرۆک وەزیری تورکیا ئاگاهی بە حکومەتی سوریا دا کە هێرشی لەو جۆرە دووبار نەبنەوە و گوتی لە ڕابردوودا کاردانەوەی دەسـتبەجێـیان هەبووە لەسەر هەموو هێرشەکانی خەڵکی سیڤیلیان تیایاندا کرابوونە ئامانج.
کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت چەند فڕۆکەیەک ناوچەی (جبل الترکمان) یان بۆردومان کردووە کە دەکەوێتە پارێزگای لازقیـیە لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا لە بەرامبەر پارێزگای هاتای تورکیا. دەشڵێت لە ئێسـتادا شەڕێـکی قورس لەو ناوچەیە هەڵگیرساوە لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و بەرەی نوسرە سەر بە ئەلقاعیدە.