وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند هێزەکانی تورکیا و ڕووسیا بە ئوتومبێلی زریپۆشەوە دەستییان کردووەتەوە بە ئەرکە ئێشکگرییە هاوبەشەکانییان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو بەهۆی هۆکاری ئاسایشەوە ئۆپەراسیۆنەکان ڕاگیران.
ئەرکە ئێشکگرییە هاوبەشەکە ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕۆژهەڵاتەوە دەستی پێکردووەتەوە، چوار ئوتومبێل و 24 سەرباز لە خۆدەگرێت.
وەزارەتەکە باسی لەو کێشە ئاسایشییانە نەکرد کە بووە هۆی ڕاگرتنی ئەو ئەرکە هاوبەشانە لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا. لە ساڵی 2019 ەوە 344 ئەرکی ئێشکگری هاوبەش لە ناوچەکەدا ئەنجام دراون.
لە ساڵی 2019 دا تورکیا و گروپە چەکدارییە سوریاییەکانی هاوپەیمانی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستییان کرد بە ئۆپەراسیۆنەکانییان، بە ئامانجی دوورخستنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و هێزێکی سەرەکی بوون لە شەڕی دژ بە داعشدا.
لەو ساڵەدا ئەنکەرە و مۆسکۆ ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی ئەرکی ئێشکگری هاوبەش لە ناوچەکەدا، ئەوەش بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوان سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز