سەرۆک وەزیری تورکیا ڕەخنە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە دەگرێت لەسەر سەردانی بۆ ڕووسیا، لەم کاتەی گرژی لە نێوان ئەنکەرە و مۆسکۆ دروستبووە لەسەر خستنی فڕۆکە ڕووسیـیەکە.
ئەحمەد داوود ئۆغڵو ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لە پەرلەمان بە یاسادانەرانی پارتەکەی گوت" بۆچی پـێش دوو مانگ لەمەوبەر ئەو سەردانەیان نەکردووە؟ و بۆچی لەم کاتەدا دەڕۆن کە وڵاتەکە لە قەیراندایە لەگەڵ ڕووسیا لەسەر پـێشـێلکردنی ئاسمانی وڵاتەکەی؟
جێی ئاماژەیە بڕیارە سبەی چوارشەممە سەڵاحەدین دەمیرتاش لەگەڵ سێرگێی لاڤرۆرڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە مۆسکۆ کۆببێتەوە. دەشڵێن هەدەپە بە نیازە چەند ئۆفیسێـکی خۆی لە ڕووسیا بکاتەوە.
نەزمی گوڕ ئەندامی پەرلەمانی هەدەپە کە یاوەری دەمیرتاش لەم سەردانەی دەکات، بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێسی گوت زیادبوونی گرژیـیەکانی نێوان ئەنکەرە و مۆسکۆ زیانی گەورەی بۆ سەر تورکیا دەبێت. گوتیشی تورکیا خۆی دەخاتە کێشەوە لەگەڵ ئەم دراوسێـیە گەورەیەی و بەمەش قەیرانەکان ئاڵۆزتردەبن، لەوانە قەیرانی سوریا. هیواشی خواست دەمیرتاش لەم سەردانەی بتوانێت ئاستی گرژیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات کەم بکاتەوە.
تورکیا لە پاش خستنی فڕۆکە ڕووسیـیەکە مەترسی هەیە پەیوەندیـیەکانی نێوان مۆسکۆ و لایەنە کوردیـیەکانی نەیاری بەهێزببن.