Accessibility links

ئەردۆغان: ئەوەی باڵیۆزی ڕووسیای کوشت سەر بە فەتحوڵڵا گولەنە

  • VOA News

سەرۆکی تورکیا دەڵێت ئەو پـۆلیسەی ئێوارەی دووشەممە باڵیۆزی ڕووسیای لە ئەنکەرە کوشت، ئەندامی ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن بووە، ئەوەی لە ویلایەتی پەنسلڤانیای ئەمەریکا دەژی.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئەنکەرە گوتی " هیچ پـێویست بە شاردنەوە ناکات، ئەو (بکوژەکە) ئەندامی ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەنی تێرۆرست بووە."

گوتیشی چەند بەڵگەیەکیان بەردەسـت کەوتووە کە نیشانی دەدات تاوانکارەکە پەیوەندی بە دەرەوە هەبووە و لە ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکاندا ئەو بەڵگانە ئاشکرا دەکەن.

پـێشتر شەوی سێشەممە مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی بکوژەکە لە گروپی فەتحوڵڵا گولەنە و ئەنکەر و مۆسکۆ ئەوە دەزانن.

بەڵام گوتەبێژی سەرۆکایەتی ڕووسیا ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی ناکرێت بە خێرایی بڕیار بدرێت لە کاتێـکدا هێشتا لێکۆڵینەوەکانی هەتا ئێستا ئەنجامدراون ئاماژە بۆ کەس ناکەن لە پشـت کوشتنەکەوە بێت.

ڕووسیا 18 شارەزای خۆی ڕەوانەی ئەنکەرە کردووە بۆ بەشداریکردن لە لێکۆڵینەوەکاندا.

لە لایەکی دیکە ڕۆژنامەی حوریەت بڵاویکردەوە بکوژەکە (مەولود مەرد ئالتنتاش، تەمەن 22 ساڵ)، لە داوای هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوت، بۆ هەشت جار لە نێو تیمی پاسەوانانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا بووە. هەروەها بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو لە نێو هێزەکانی دژە ئاژاوەی ئەنکەرە بووە.

XS
SM
MD
LG