Accessibility links

سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ڕووسیا


سەرۆکی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە گەیشتە باکوری ڕووسیا بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە لە شاری سان بوترسبێرگ، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی ئەنکەرە دەیدات بۆ ئاسایـیکردنەوەی پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ مۆسکۆدا.

ڤلادیمیر پـوتن لە کۆشـکی کوستەنتین پـێشوازی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و شاندی یاوەری کرد و گوتی هەردوو لایان هەوڵ دەدەن پەیوەندیـیەکانی نێوانیان بۆ ئاستی جارانی بگەڕێنـنەوە.

ئەردۆغانیش لای خۆیەوە گوتی پەیوەندیـیەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیا چووەتە قۆناغێـکی نوێی باشەوە و ئامانجی گەورەی بۆ دانراوە. هەروەها سوپاسی پـوتنی کرد لەسەر ئەو پەیوەندیـیە تەلەفونیـیەی لەگەڵیدا ئەنجامی دابوو لە پاش کودەتا شکستخواردووەکەی 15 ی مانگی حەوت.

پـوتن لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیـیە هاوبەشەکەی لەگەڵ ئەردۆغان گوتی وڵاتەکەی لە سـەرەتای ساڵی داهاتوەوە وردەوردە سزا ئابوریـیەکانی سەر تورکیا لادەبات. جەختی لەوە کرد لە قۆناغی داهاتوو سەنگی دەخرێتە سەر باشکردنەوەی پەیوەندیـیەکانی بازرگانی و ئابوری نێوانیان.

هەروەها هەردوولایان ڕێکەوتوون کە ڕووسیا یارمەتی تورکیا بدات لە بنیادنانی دەزگای ناوکی لە شاری ئاکویۆ.

ئەردۆغان گوتیشی هاوکاری نێوان ئەنکەرە و مۆسکۆ لە ئایندە بوارەکانی بەرگری و نەهێشتنی تێرۆریش و مسۆگەرکردنی گەیاندنی گازی تورکیا بەرەو ئەوروپا دەگرێتەوە.

سەبارەت بە قەیرانی سوریا، پـوتن گوتی هەرچەندە مۆسکۆ و ئەنکەرە هەڵوێستیان بەرامبەر سوریا جیاوازە، بەڵام هەردووکیان ئامانجی هاوبەشیان لەوێ هەیە. باسی لەوەش کرد کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە بارەی ئەم وڵاتە بەشەڕ وێرانبووە سازدەکەن بە بەشداری هەردوو وەزیری دەرەوە و کاربەدەسـتانی هەواڵگری بە مەبەستی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریـیەکان و دۆزینەوەی ڕێگەچارە.

لەوەتای ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆی سوریاوە هەڵگیرساوە مۆسکۆ پشـتیوانی لە حکومەتی بەشار ئەسەد کردووە و تورکیاش بە پـێچەوانەوە پاڵپشـتی لە هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن کردووە.

XS
SM
MD
LG