Accessibility links

تورکیا دەڵێت نەخشە داڕێژەری تەقینەوەکانی ساڵی 2013 ی شاری ڕەیحانلی لە سوریا دەسـتگیرکردووە


میدیاکانی حکومەتی تورکیا دەڵێن دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەیان توانیویەتی نەخشە داڕێژەری تەقینەوەکانی ساڵی 2013 ی شاری ڕەیحانلی لە ناو شارێکی سوریا بە نهێنی دەسـتگیربکات.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵو ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە دەزگای هەواڵگری (میت) توانیویەتی لە شاری لازقیـیەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی بەشار ئەسەد لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا یوسف نازیک دەستگیربکات و بیهێنێتەوە تورکیا.

دەڵێن دەزگای میت بەبێ هاوکاری هیچ هەواڵگریـیەکی بیانی ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئەنجام داوە، بەڵام باس لەوە ناکەن ئایا ئۆپـۆزسیۆنی سوریای سەر بە ئەنکەرە یارمەتی داوە یان نا.

دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن یوسف نازیکی تەمەن 34 ساڵ کە لە دایکبووی شاری ئەنتاکیـەی پارێزگای هەتای‌یە، دانی ناوە بەوەی لە لایەن دەزگای هەواڵگری حکومەتی سوریاوە فەرمانی پـێکراوە تەقینەوەکان ئەنجام بدات. جگە لە یوسف حەوت کەسی دیکە بەو تەقینەوانە تاوانبارن.

بەپـێی کاربەدەستانی تورکیا یوسف تەقەمەنی لە سوریاوە بۆ تورکیا هێنابوو و لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێی دوو ئۆتۆمبیلی جۆری ترانزێتیان پێ بۆمبڕێژکردبوو و لە ڕۆژی 11 ی مانگی چواری ساڵی 2013 لە شاری ڕەیحانلی هەردوو ئۆتۆمبیلەکەیان تەقاندەوە کە بوونە مایەی کوژرانی 53 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە و زیانگەیاندن بە 912 بینا و 891 فرۆشگا و 148 ئۆتۆمبیل.

دەزگای میت دەڵێت بەر لە ڕوودانی تەقینەوەکان زانیاری تەواویان بە ئوزجان شیشمان داواکاری گشتی ڕەیحانلی دابوو، بەڵام زانیاریـیەکانی شاردبووەوە وە دواتر دەرکەوتووە سەر بە ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەنە.

XS
SM
MD
LG