Accessibility links

چاودێرانی ئەوروپایی: ڕیفراندۆمەکەی تورکیا بەپـێی پـێوەرە نێودەوڵەتیـیەکان ئەنجام نەدراوە


دوو شاندی ئەوروپایی کە چاودێری ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی یەکشەممەی تورکیایان کرد دەڵێن هەڵمەتی ڕیفراندۆمەکە و پـرۆسەی دەنگدانەکەی و جیاکردنەوەی دەنگەکانی بەپـێی پـێوەر نێودەوڵەتیـیەکان نەبوون.

سیزار فلۆرین برێدا سەرۆکی شاندی کۆمەڵەی پەرلەمانی ئەنجومەنی ئەوروپا و تانا دی زوولوویتا سەرۆکی ئۆفیسی دامودەزگا دیموکراتیـیەکان و مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی ئاسایشی و هەماهەنگی یەکێتی لە ئەوروپا ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە ئەنکەرە تێبینیـیەکانی خۆیان لەسەر ڕیفراندۆمەکە ڕاگەیاند.

دەڵێن هەڵمەتی بانگەشەی پـێش پـرۆسەی دەنگدانەکە یەکسانی تێدا نەبووە و لایەنگرانی ئەرێ بۆ هەموارکردنی دەسـتور زیاتر هەلیان بۆ ڕەخسابوو بەراورد بەوانەی لە دژی گۆڕینی دەسـتورن. هەروەها باس لەوە دەکەن لە دوایـین ساتدا گۆڕانکاری لە شێوازی جیاکردنەوەی دەنگەکان کراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بڕیارە لەناکاوەکەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەوەی دەنگی ئەو کارتانەش هەژماردەبکرێن کە مۆریان لەسەر نیـیە.

ئاماژە بۆ چوارچێوە یاسایـیەکانیش دەکەن، دەڵێن بەس نەبووە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێـکی بە ڕاست دیموکراتیـیانە.

خانم تانا دی زوولوویتا گوتیشی دانیشتوانی ناوچەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە (ناوچە کوردیـیەکان)، بەهۆی ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکان ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و دووچاری گرفت بوون کاتێک ویستوویانە دەنگی خۆیان بدەن.

XS
SM
MD
LG